hemn husain
13 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2016
ماوەی چەند رۆژێکە جۆرێک لە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا لە وڵاتی ئێران بڵاوبووەتەوە کە ئەمەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس و وەزارەتی تەندروستی ئێرانیش هۆشداری دەدات کە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەم ڤایرۆسە لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران بڵاودەبێتەوە.
بەو پێیەی هەرێمی کوردستان هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێران و رۆژانە هاتوچۆی گەشتیاری لەم سنوورەدا هەیە، بۆیە مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و وەزیری تەندروستیش رایدەگەیەنێت کە هیچ حاڵەتێکی وا تۆمار نەکراوە.
سەبارەت بە هەبوونی بەکتریای کۆلێرا و ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای بەراز، وەزیری تەندروستی دکتۆر رێکەوت حەمە رەشید لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەند حاڵەتێکی کۆلێرا لە شاری هەولێر و دهۆک هەبوون، بەڵام بەپێی ئەو پلانەی وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی پارێزگاکان جێبەجێکرا، توانرا ئەم بەکتریایە کۆنترۆل بکرێت و رێکخراوی تەندروستی جیهانی بڕی 200 هەزار پێکوتەی هێنا و لە رێگای دوو هەڵمەتەوە بۆ کەمپەکان توانرا ئەم کێشەیە نەمێنێت".
هەروەها سەبارەت بە هەبوونی ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا دکتۆر رێکەوت گوتی: "ئەنفلەوەنزا کێشەیەکی وەزرییە و ساڵانە جۆرێکی نوێی ئەم ڤایرۆسە دروست دەبێ و بەم هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە جیهان بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانلەدەست دەدەن هەر بۆیەش کوتانی وەرزی بۆ دروست دەکرێت چونکە ئەمە یەک جۆر ڤایرۆس نییە و بەردەوام خۆی تازە دەکاتەوە، بۆیە تا ئێستا ڤایرۆسی H1 و N1 لە کوردستان بوونی نییە".
سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، وەزیری تەندروستی رایدەگەیەنێت کە هۆڵ و پێداویستییەکانی پزیشکی ئامادەکراوە و لەم بارەیەوە گوتی: "ئێمە ئامادەکاریی و کاری پێویستمان کردووە و هۆڵی تایبەتیشمان ئامادەیە و هەر کاتێک ئەم ڤایرۆسە گەیشتە هەرێمی کوردستان، ئەوا دڵنیابن من یەکەمین کەس رایدەگەیەنم".
هەروەها وەزیری تەندروستی هاووڵاتیانی دڵنیاکردەوە کە ئەمساڵیش وەک ساڵی پار دەبێت و خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکرێت.
نیشانەکانی ئەنفلوەنزای بەراز وەکو هەر ئەنفلەوەنزایەکی ئاسایی بریتیە لە لەرز و تا و بێتاقەتی، ژانەسەر و ئەم ڤایرۆسەش لەڕێی هەناسەدان بڵاودەبێتەوە و گرنگترین نیشانەکانی بریتییە لە هەوکردنی سییەکان و لەناو بردنی خانەکان و دواجاریش کۆبوونەوەی شلەیەکی زۆر لەبەشی خوارەوەی سییەکان کە هەناسەدان زەحمەت دەکات بۆیە پزیشکان پێیان وایە بۆ خۆ پاراستن لەم ڤایرۆسە پێویستە بەشێوەیەکی گشتی ماسک بەکاربێت و لە هەمانکاتدا شووشتنی ئەو کەلوپەلانەی کە رۆژانە بەکاردەهێنرێ وەکو کەلوپەلەکانی خواردن.