Hemn Baban
13 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2016
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان راپۆرتی تایبەت بە رەوشی كرێكارانی بیانی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2015 بڵاوكردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی بۆ سەرۆكی دەستە زیا پترۆس سڵیۆە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ تاڤگە رەشید گرێدا.
لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا سەرەتا گوتەبێژی دەستەكە محەمەد گۆمەشینی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە ئەو راپۆرتەیان پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان دەكرێت.
سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ زیا پترۆس سڵێوە گوتی لە راپۆرتەكانی ساڵانی پێشوو تیشكمان خستووەتە سەر رەوشی مافەكانی كرێكاران بەگشتی، لەبەر ئەوەی چەند خاڵێكی لاوازمان لەرووی یاساییەوە و لە مافی كرێكارانییان هەست پێكرد بە باشیان زانیوە لەساڵی رابردوو راپۆرتێكی تایبەتمەند و هەڵسەنگاندن و راپرسییەك بكەن لەسەر كرێكارانی بیانی.
هەروەها وردەكاریی ژمارەی كرێكارانی بیانی و رەگەزنامەیان و دابەشبوونییان بەسەر كەرتەكان و ئاستی خوێندنییان و مافەكانی ئەو كرێكارانە و كۆمەڵێك تەوەری دیكەی باسكرد.
گوتیشی"دەستە و چەند رێكخراوێكی تایبەتمەند و پەرلەمانی كوردستان رەشنووسی یاسای پاراستنی مافی كرێكارانییان ئامادەكردووە و لە پەرلەمانە، بەداخەوە هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێ كردن، ئومێد دەكەین پەسەندبكرێت و بخرێتە كارەوە، هەروەها پێویستە یاسایەكی دیكەشمان هەبێت كە زۆر پێویستە و ئەویش یاسای نەهێشتنی بازرگانیكردنە بە مرۆڤ، كە بەداخەوە هەندێك لەو كرێكارانە بازرگانییان پێوەدەكرێت لەچەند شوێنێك و لە چەند كارێك و ئەوەش دژی پڕنسیپەكانی مافی مرۆڤە".
گوتیشی" 480 فۆرممان دابەشكردووە بەسەر ئەو كرێكارە بیانییانەی لە هەرێمدا هەن و زانیارییەكانمان دەستكەوتووە، بەپێی ئامارەكان لە هەرێمی كوردستان 151 كۆمپانیای هێنانی كرێكاریی بیانی هەن، 39 كۆمپانیا لەوانە سزادراون بەهۆی سەرپێچیكردنی ئەو رێنماییانەی هەن، ئێستا 112 كۆمپانیا هەن، 60 كۆمپانیا لەهەولێر، 29 كۆمپانیا لە سلێمانی، 21 لە دهۆك، یەك لە زاخۆ و یەك لە گەرمیان، ئەو كۆمپانیایانەش بەچەند رێنماییەك كاردەكەن".
لەبارەی ژمارەی كرێكارانی بیانیشەوە گوتی" لەساڵی 2007 و 2008 ژمارەی كرێكارانی بیانی لەهەرێمی كوردستان هەزار و 2 كرێكاربوون، بەڵام لە ساڵی 2014 ژمارەی ئەو كرێكارانەی هاتوونەتە هەرێمی كوردستانەوە گەیشتووتە هەشت هەزار و 748 كرێكار و لە ساڵ بۆ نۆ هەزار و 261 كرێكار بەرزبووەتەوە، چوار هەزار و 790یان كرێكاری خزمەتگاری ماڵانن واتە بەڕێژەی 51,72 لەسەد، هەروەها چوار هەزار و 471ی تریشیان بەڕێژەی 48,27 لەسەد كرێكاری پڕۆژەكانن، لە ساڵی 2014 كە سەرەتای مانگی شوبات قەیرانی دارایی دەستی پێكرد لەگەڵ ئەوەشدا هەشت هەزار و 748 كرێكاری بیانی هاتوونەتە هەرێم، لە ساڵی 2015ش نۆ هەزار و 261 كرێكار هاتوون، واتە لە ماوەی دوو ساڵی قەیرانی دارایی حكوومەتی هەرێم واتە لەسەرەتای ساڵی 2014 و یازدە مانگی 2015 ژمارەی ئەو كرێكارە بیانییانەی هێنراونەتە هەرێمەوە 18 هەزار و 9 كرێكار بوون".
زیا پترۆس ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە لەدەرەوەی ئەو ژمارانە ژمارەیەكی دیكەی كرێكاری بیانی هەن بەتایبەت خزمەتكاری ماڵان كە بەرێگەی وەزارەتی ناوخۆوە دەهێنرێن بۆ كەسانی (VIP) و مۆڵەتی نیشتەجێ بوونییان پێدەدرێت و ژمارەیان نەزانراوە.
لەدرێژەی قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوەكرد كە هێشتا مافی كرێكارانی بیانی وەكو پێویست نییە، لەنێویاندا پاراستنی شكۆمەندییان و بازرگانییان پێوەدەكرێت، هەروەها ئەوەشی دركاند كە پێویستییان بەرێكخستنەوە هەیە بەتایبەت لەرووی مافەكانییان و جۆر و رەگەزی ئەو وڵاتانەی كە كرێكارییان لێوەدەهێنرێن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە راپرسییەكەیدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەستی كەوتوون رێژەی 60,62 لەسەدی كرێكارانی بیانی لەهەرێم نێر و 39,37 لەسەدیشیان نێرن.
لەبارەی رەگەزنامەی ئەو كرێكارە بیانییانەشی لە هەرێم دەردەكەوێت كرێكاری بەنگلادیشی لەریزبەندی یەكەمدان بەڕێژەی 19,16 لەسەد، دواتر نیپاڵی 17,08 لەسەد، پاشان كرێكارانی وڵاتی ئێران بەڕێژەی 11,45 لەسەد دێت، پاشان ئەندەنووسی بە 10,41 لەسەد، دواتر هیندی بەرێژەی 9,37 و ئینجا جۆرجی بەرێژەی 8,33 لەسەد و دواتر كرێكارانی توركیا بەرێژەی 5,62 لەسەد و هەروەها كرێكاری فلیپیبی بەڕێژەی 5,20 لەسەد و پاشان سوری و سریلانكی و سۆماڵی و پاكستانی بەڕێژەی كەمتر لە 4 لەسەد دێن.
لەو راپرسییەی كە دەستەكە ئەنجامیداون چەندین ئاماری دیكە بەدەستهاتوون وەكو سەرۆكی دەستە زیا پترۆس سڵێوە لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەی خستییە روو و ئاژانسی ئانادۆڵوش لەوێ بوو دیارخراوە رێژەی 25 لەسەدی كرێكارانی بیانی لە هەرێمی كوردستان نەخوێندەوارن، 35,41لەسەدیشیان خوێندەوار، ئەوانەشی بڕوانامەیان نییە 3,75 لەسەد پێكدەهێنن، ئەوانەشی دەرچوونی پەیمانگەن 1,87 لەسەد و دەرچووانی كۆلێژیش تەنها 2,08 لەسەدن.
هاوكات ئەوەش دەركەوتووە كە رێژەی 83,33 لەسەدی كرێكارانی بیانی لەهەرێمی كوردستان خزمەتكاری ماڵان و پاككەرەوەن، 12,5 لەسەدیش كرێكاری كۆمپانیاكانن، ئەندازیارەكانیش 0,20 لەسەد پێكدەهێنن.
لەبارەی مافەكانیشیانەوە رێژەی 10,62 لەسەدیان شوێنی حەوانەوەیان گونجاو نییە، 37,70 لەسەدیشیان تارادەیەك شوێنی حەوانەوەیان گونجاوە، سەبارەت بە مووچەكانیشیانەوە رێژەی 32 لەسەدیان مووچەكانییان لە 301-400 دۆلاری ئەمریكی دەبێت، هەروەها 23 لەسەدیشیان مووچەكانییان لە 200 تا 300 دۆلار دەبێت، ئەوانەشی مووچەكانییان لە 901 تا هەزار دۆلاری ئەمریكییە تەنها 4,58 لەسەد پێكدەهێنن، لەو كرێكارانەشدا رێژەی 66,5 لەسەدیان گوتوویانە مووچەكانییان بەشیان دەكات و 33,5 لەسەدیش دەڵێن موچەكانییان بەشیان ناكات.
ئەوەشدەركەوتووە كە رێیە 7,7لەسەدی كرێكارانی بیانی رۆژانە یەك ژەم نان دەخۆن و 16,25 لەسەدیشیان رۆژانە تەنها دوو ژەم نان دەخۆن.
لەبارەی ئەوەی ئایا كرێكارەكان رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە، رێژەی 18,75لەسەدیان دەڵێن بەڵێ، 10 لەسەدیش خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانییان بە خراپ دەزانن.