بەپێی بەدواداچوونێكی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ قەرزەكانی سەر عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەردەكەوێت هەر هاووڵاتییەكی عێراق بڕی دوو هەزار و 250 دۆلار قەرزی عێراقییان لەسەرە، هەرچی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیشە بڕی حەوت هەزار و 250 دۆلار قەرزارن، بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەحمەد حاجی رەشید بۆ ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت "هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دوو جار قەرز دەدەنەوە یەكێكیان هی عێراق و ئەوی دیكەش هی حكوومەتی هەرێم"، سەرۆكی لێژنەی نەزاهە لەپەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت"قەرزەكان قورسایی لەسەر هاووڵاتییان دروست دەكەن".
بە گریمانەی ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی عێراق 36 ملیۆن و دانیشتوانی هەرێم چوار ملیۆن و 600 هەزار كەس كە هەردووكیان لەو ژمارەیە زیاترن كە لە یاسای بوودجەی عێراقدا هاتوون ژمارەكان دەریدەخەن هاووڵاتییانی عێراق قەرزێكی زۆری وڵاتەكەیان دەكەوێتە ئەستۆ.
بەدواداچوونێكی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ قەرزەكانی سەر هەریەك لە عێراق و هەرێمی كوردستان پێكەوە و بە جیاش دەردەكەوێت هاووڵاتییانی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە قورساییەكی زۆر گەورەیان لەسەرشانە بێ ئەوەی ئێستا هەستێكی ئەوتۆی پێ بكەن، بەڵام پێدەچێت لە ئایندەدا زیاتر شوێنەواری دەربكەوێت.
زانیارییەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو قەرزەكانی سەر عێراق 81 ملیار دۆلارە، هەرێمی كوردستانیش 23 ملیار دۆلار قەرزی لەسەرە، واتە كۆی گشتی ئەو قەرزانەی لەسەر عێراقن بەهەرێمی كوردستانیشەوە 104 ملیار درلار دەبێت، بەشێكی قەرزەكانی سەر عێراق لە رژێمی پێشووی عێراقەوە بۆی ماونەتەوە، قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستانیش پاش دەستكردن بە پڕۆسەكانی بەدواداگەڕان بەدوای نەوت و گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان كەڵەكە بوون، دوو ساڵی رابردووی بڕینی بوودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا و دروستبوونی قەیرانێكی قوڵی داریی ئەو قەرزانەیان هەڵكشاندووە.
بەپێی زانیارییەكانی بەردەست ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەپێی یاسای بوودجەی ساڵی 2015 بریتی بووە لە 35 ملیۆن و 282 هەزار و 473 كەس، بەو پێیە ئەگەر ئەو 81 ملیار دۆلارە بەشی سەر ئەو ژمارە دانیشتوانەی بكەین ئەوا دەردەكەوێت هەر هاووڵاتییەك دوو هەزار و 250 دۆلاری بەردەكەوێت بەگریمانەی ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی عێراق 36 ملیۆن كەسیش بن.
هەرچی هاووڵاتیی هەرێمی كوردستانە جگە لەوەی لە قەرزەكانی سەر حكوومەتی عێراقیش پشكی هەیە بەو پێیەی مەسەلەیەكی سەروەرییە، هاوكات لە قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستانیش پشكێكی دیكەی بەردەكەوێت، واتە لەهەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمیشەوە قەرزی لەسەرە.
قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستان بەپێی دوایین زانیارییەكان وەكو ئەوەی لە پڕۆژەی چاكسازیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستاندا هاتووە 23 ملیار دۆلار دەبێت، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بەپێی یاسای بوودجەی 2015ی عێراق چوار ملیۆن و 449 هەزار و 125 كەس بوون، بەو پێیە ئەگەر ئەو بڕە قەرزە بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمدا دابەش بكەین دەردەكەوێت هەر هاووڵاتییەكی هەرێم بڕی پێنج هەزار دۆلاری بەردەكەوێت، بە گریمانەی ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم چوار ملیۆن و 600 هەزار كەسیش بن.
ئەوەی دەردەكەوێت ئەوەیە هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان دوو جار قەرزار دەبێت كە یەكێكیان بڕەكەی دوو هەزار و 250 دۆلارە بەهۆی قەرزەكانی عێراقەوە، پێنج هەزار دۆلاریش بەهۆی قەرزەكانی هەرێمەوەیە، واتە هەر هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان حەوت هەزار و 250 دۆلار قەرزارە.
بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەحمەد حاجی رەشید لەوبارەیەوە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پێیوایە ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی 2015 وەربگیرێت ئەو بڕە قەرزانەی دەكەوێتە سەر هاووڵاتییان زیاترە لەوەی لە بەدواداچوونەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو پێی گەیشتووە، ئەو لەبارەی قەرزاربوونی هاووڵاتییانیشەوە رایگەیاند "عێراق 81 ملیار دۆلار و هەرێمی كوردستان 22 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار قەرزارن، بەو پێیە هەر هاووڵاتییەكی عێراقی و هەرێمی كوردستانیش بڕێكی زۆر قەرزرییان دەكەوێتە ئەستۆ بەهۆی ئەو قەرزانەی عێراق و حكوومەتی هەرێم كردوونی، هاووڵاتییانی هەرێم دوو جۆر قەرزار دەبێت كە یەكێكیان لە قەرزەكانی عێراق پشكی بەردەكەوێت و ئەوەی هەرێمیشی هەر لەسەرە".
گوتیشی "هەموو كردەیەكی قەرزاری كۆت و بەند بۆ گەشەی ئابووری دروست دەكات، هەرچەندە داهات بێتەوە بەدەستت ئەوا هەر بەشێكی لێ دەدەی كە پێی دەگوترێت باجێكی دواخراوە و هەمیشە و ساڵانە سووەكەی زیاد دەكات و ئەو قەرزانە بۆ ماوەیەكی درێژ لەسەر ئەستۆی هاووڵاتییان دەمێنێتەوە".
زانیارییەكانی بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەریدەخات عێراق 81 ملیار دۆلار قەرزارە، ئەو قەرزانەش بەمشێوەیەیە 15 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرزی وڵاتانە، 12 ملیار دۆلار قەرزی پێشووی سەردەمی رژێمی سەدام حوسێنە، سێ ملیار دۆلار قەرزی دوای رووخانی ئەو رژێمەیە، جگە لە 40 ملیار دۆلار و 700 ملیۆن دۆلار كە قەرزی وڵاتانی كەنداوە، كۆی ئەو قەرزانە دەكاتە 56 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە، هەرچی قەرزە نێوخۆییەكانی عێراقە 28 تریلیۆن و 100 ملیار دینارە، جگە لە دوو تریلیۆن دیناری دیكەش كە كۆی گشتی دەكاتە 81 ملیار دۆلار.
ئەحمەد حاجی رەشید دەڵێت قەرزەكانی عێراق زۆرترینییان لەسەردەمی رژێمی پێشووی عێراقەوە بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق ماوەتەوە، بەڵام هەرچی قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستانە ئەو قەرزانەن كە لەساڵی 2009ەوە كەڵەكەبوون، لە دوو ساڵەی رابردووش هەرێم قەرزێكی زۆری كەوتووە سەر.
لەبارەی قەرزە نێوخۆیی و دەرەكییەكانی عێراقیشەوە ئەو پەرلەمانتارە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "قەرزە نێوخۆییەكانی عێراق كە بە 28 تریلیۆن و 100 ملیار دیناری عێراقی مەزەندە دەكرێت بەمشێوەیە دابەش دەبێت، 17 تریلیۆن دینار حەواڵەكانی خەزینە و قەرز، دوو تریلیۆن و 300 ملیار دینار قەرزی بانكی ناوەندییە لەلای حكوومەت، هەشت تریلیۆن و 800 ملیار دینار قەرزی كۆمپانیا گشتییەكانە".
هەرچی قەرزە دەرەكییەكانیشە بەمشێوەیە روونی دەكاتەوە "عێراق بڕی 15 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرزی دەرەكی لەلایە و بەمشێوەیە دابەش دەبێت، قەرزەكانی وڵاتانی كۆمەڵەی یانەی پاریس كە شەش ملیار و 900 ملیۆن دۆلارە، قەرزەكانی كۆمەڵەی دەرەوەی یانە پاریس دوو ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە، قەرزی بازرگانە بیانییەكان سێ ملیار و 600 ملیۆن دۆلار، قەرزی دیكە 200 ملیۆن دۆلار، هەروەها بڕی سووی سەر قەرزەكانی دوای ساڵی 2003 بریتیین لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار كە بە تێكڕا دەكاتە 15 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، ئەوە سەرباری 40 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار كە قەرزاری وڵاتانی كەنداوە كە تا ئێستا باس لە دانەوە و سوو و قیستەكانی نەكراوە".
سەرۆكی لێژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی كوردستان عومەر كۆچەر لەبارەی ئەو قەرزانەوە كە باری هاووڵاتییان گران دەكات بەتایبەت لە ئایندەدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "ئەو قەرزانە ئێستا قورساییان بۆ سەر هاووڵاتییانی كوردستان دروست كردووە و لە ئایندە زیاتریش دەبێت، ئێستا ئەوە حكوومەت قەرزاری هاووڵاتییانە و ئەگەر بەو بێ سەروبەرییە بچێت بارودۆخەكە خراپتر دەبێت و بازاڕ رادەوەستێت و بەو شێوەیە حكوومەت و وڵات بەڕێوەناچێت و قەرزیش چارەسەر نییە. بەداخەوە قەرز زیادەی دێتە سەر و ئەگەر تا دە ساڵی تر بخایەنێت ئەوا وڵات دەكەوێتە سەر مایەپووچ بوونی ئابووری، چونكە شتێك لەدەستت نامێنێت".
ئەو دەشڵێت "داهاتمان زۆر زۆرە، بەڵام ئەوەی هەیە كە لە رێگەی خۆی و بە دروستی كۆ ناكرێنەوە، ئەوانەی دەبێت حكوومەت ئەوە رێگە خۆش بكات بۆ پسپۆڕ و شارەزا، چونكە ئەگەر ئەو قەرزە زیاتر بێت كاریگەریی قورستر بەسەر خەڵكك بەجێ دەهێڵێت".
لەكۆتایی قسەكانیدا ئەحمەد حاجی رەشید بۆ ئانادۆڵو گوتی جیاوازیی لەنێوان قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستان هەیە، بەشێوەیەك دانەوەی قەرزەكانی عێراق ماوەی زۆری دەوێت و فشاری گەورە دروست ناكات، چونكە قەرزی درێژخایەنن و دانەوەیان دەگاتە ساڵی 2035، بەڵام هەرێم كورت خایەنن و دەبێت بەزووترین كات بیانداتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە سووی سەر قەرزەكانی عێراق، كەمن، بەڵام سووی سەر قەرزەكانی هەرێم زۆرن.
هەروەها بە بۆچوونی ئەو عێراق ساڵانە لە بوودجەدا بڕێك دیاری دەكات بۆ دانەوەی قەرزەكانی و هەروەها قیست و سووی سەر قەرزەكانی كە چەندن و بڕەكەیان و كەی تەواو بن دیارە، بەڵام هەرێمی كوردستان سێ ساڵانە یاسای بوودجەی نییە و نازانرێت ئەو قەرزانە چۆن دەداتەوە و قیست و سووەكانی چۆنن.
news_share_descriptionsubscription_contact

