سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی داوا لە وڵاتانی هاوپەیمانان دەكات راستەوخۆ یارمەتی هەرێم بدەن لە رووبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی و هاوكاریی پێشمەرگەش بكەن، دەشڵێت "ساڵی 2015 ساڵێكی سەخت و پێشبینی نەكراو بوو، كاریگەریی قەیرانی دارایی تووشی شۆكی كردین"، جێگری سەرۆكی حكوومەتیش قوباد تاڵەبانی دەڵێت "مانگانە 450 ملیار دینار كورتهێنانمان لە بوودجە هەیە، چەند بڕیارێكیشمان بۆ شەفافییەت لەكەرتی نەوت دەركردووە"، قسەی ئەو دوو بەرپرسەی حكوومەت ئەمڕۆ لە رێوڕەسمی "نەخشەڕێگەی چاكسازی و تازەگەری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریدا"هات.
نێچیرڤان بارزانی رەخنە لە حكوومەتی عێراق دەگرێت لەوەی هیچ یارمەتییەكی ئەوتۆی هەرێم نادات ئەگەرچی زیاتر لە یەك ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەری لەخۆگرتووە.
"نەخشەڕێگەی چاكسازی و تازەگەری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریدا" ناونیشانی نوێترین هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو قەیرانە داراییەی پتر لە دوو ساڵ دەبێت رووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە و ماوەیەكە دامەزراوەكان كار بۆ سووككردنەوەی باری قورسی دارایی سەرشانی حكوومەت دەكەن و چەند كۆنفڕانس و وۆركشۆپێكی بۆ گیراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و جێگرەكەی قوباد تاڵەبانی و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دكتۆر فوئاد حوسێن و ژمارەیەك لە وەزیرانی كابینەی هەشتەم و كونسوڵی چەند وڵاتێك و ژمارەیەكی زیاتر لە بەرپرسان و شارەزایانی ئابووری و دارایی رێوڕەسمی راگەیاندنی "نەخشەرێگەی چاكسازی و تازەگەری لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییدا" لە هۆتێل رۆتانا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە وتەیەكدا لەو رێوڕەسمە باسی لە نەخشەڕێگەكە و پلانی حكوومەتەكەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی كردەوە و ساڵی 2015ی بە ساڵێكی سەخت و پێشبینی نەكراو بۆ هەرێم بەتایبەت لەرووی دارایی و ئابووریشەوە ناوزەد كرد و گوتی: "كاریگەری ئەو قەیرانەی هەیە تووشی شۆكی كردین كە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان هەبووە، بەتایبەت ئەو شۆكانەی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە تووشی بووین كە لە 110 دۆلارەوە بۆ هەر یەك بەرمیل نرخ بۆ خوار 30 دۆلار دابەزی".
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لە ساڵی 2014ەوە پاش بڕینی بوودجەی هەرێم قەیرانی دارایی رووی تێكردوون و كورتهێنانی لە بوودجەی هەرێم زیاتر كردووە، سەرباری شەڕی داعش، لەگەڵ ئەوانەشدا باسكردن لە بوونی یەك ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەری لەبیرنەكرد كە دۆخی ئابووری هەرێمی قورستركردووە.
بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ ئامادەبووان و دەزگاكانی راگەیاندن كە ئاژانسی ئانادۆڵوش لەوێ ئامادەبووبوو گوتی: "ئەو بەرنامەیەی هەمانە بەرنامەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێت و راستەوخۆ و كاریگەریی لەسەر خەڵك دەبێت"، وێڕای سوپاسكردنی وەزیری دارایی و ئابووری رێباز حەملان و هاووڵاتییانی خەڵكی كوردستان كە بە"خۆڕاگر" ناوی بردن و گوتی دەیانەوێت ئەمڕۆ لێرە ئامادەن بۆ ئەوەی دۆخی دارایی هەرێم بۆ ئاستی جیهانی بگوازنەوە و بەڕێوەبردنی دارایش باش بكەن.
نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوەكرد كە ساڵانی پێش قەیرانی دارایی كاری باش كراوە و گوتی: "لەساڵی 2006 تا 2013 لە هەرێمی كوردستان بڕی 30 ملیار دۆلار وەبەرهێنان كراوە كە پێنج ملیاریان وەبەرهێنانی دەرەكی بوون".
گوتیشی: "ئێمە لەكاتی خۆی نەمانتوانیوە پلان بۆ ئایندە دابڕێژین و پابەندبین بە چاكسازیی لە ئابووری و بەهێزكردن و بونیادنانی بوارەكە".
بە گەشبینیشەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لەگەڵ هاوبەشەكانییاندا لەحكوومەت و خاوەنكار و سەرمایەدار و كۆمەڵە و یەكێتی و سەندیكاكان كار بۆ ئەوە دەكەن "ساڵی 2016 ساڵی چاكسازی و نوێگەری ببێت".
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی لە چارەسەرییەكانیشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی كرد و گوتی: "كار بۆ بەهێزكردنی كەرتە بەرهەمدارەكان دەكەین و چەند سیاسەتێكی فریاگوزاری داراییمان گرتووەتە بەر كە(تەقەشوفی دارایی)ن و فەرمانبەرانی حكوومەت مووچەی تەواوی خۆیان وەرناگرن و ئەوەی دەمێنێتەوە لەلای حكوومەت دەبێت و لە ئایندەدا پێیان دەدرێتەوە".
درێژەشی پێدا و گوتی: "ئەم كارە واتە(تەقەشوف)ە نەك چاكسازیی، بۆیە داواكارم ئەوە تێكەڵ نەكرێت، وە ئەو (تەقەشوف)ە بۆ ماوەیەك بەردەوام دەبێت".
بارزانی هێمای بۆ ئەوەش كرد كە مەترسیی قەیرانی دارایی لەسەر هەرێمی كوردستان ئەگەر رووبەرووی نەبینەوە هێندەی مەترسی داعش لەسەر هەرێمی كوردستان ترسناكە.
بارزانی داواشی لەوڵاتانی هاوپەیمانان و ئەوانەشی بە دۆست ناوی بردن راستەوخۆ یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن لەو قەیرانە داراییەی تووشی بووە و هەروەها گوتیشی داواكارن یارمەتی پێشمەرگەش بدەن.
ناوبراو بە گەشبینییەوە باسی لە ئایندەی هەرێمی كوردستان كرد و هەناردەكردنی غاز و رەخساندنی خۆشگوزەرانی و بونیادنانی كۆمەڵگە.
گوتیشی: "ئێمە رۆژێك دەبینە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان، سەركەوتن بەسەر لووتكەی چیا ئاسان نییە، بۆیە بوونی متمانە گرنگە و دەبێت بە خۆراگرتن و بەیەكەوە بەرەو ئایندەی گەش بچین".
دواتر جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی لەو رێوڕەسمەدا وتارێكی پێشكەش كرد و پاش سوپاس كردنی وەزیری دارایی گوتی: "حكوومەتی هەرێم دەیەوێت چاكسازیی بكات و لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە دەستی پێ دەكات".
گوتیشی: "حكوومەتی هەرێم بێ باك نەبووە بەرامبەر بەو قەیرانە داراییەی رووبەڕووی دەبێتەوە و ئەوەش تەحەدایەكی گەورەیە بۆ هەرێم، وە بێ بەهێزكردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری ناتوانیین گەشەپێدان و چاكسازی دەستەبەر بكەین، ئێمە هەموو هەوڵەكانمان بۆ رووبەڕووبونەوەی گرتووەتە بەر، سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەرانیش دەكەین".
تاڵەبانی لەدرێژەی قسەكانیدا هێمای بۆ دیارترین ئەو خاڵانە كرد كە پێویست دەكات بیگرنە بەر بۆ چاكسازی كردن و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و لەو رووەوە گوتی: "سەقامگیری دۆخی ئابووری زۆر پێویستە، هەروەها بەهێزكردنی دۆخی دارایی و ئابووری پێویستە، ئابووریی وڵات بخەیە سەر رێچكەی گەشەپێدان".
جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە كورتهێنانێكی زۆر لە بوودجەی هەرێم هەیە و گوتی: "ئێمە مانگانە 450 ملیار دینار بڕی كورتهێنانمانە لە بوودجەی هەرێم ئەگەر پڕنەكرێتەوە دۆخەكە مەترسیدار دەبێت و لێی دەرباز نابین".
گوتیشی: "دەبێت یەكەم كار ئەوەبێت كار بۆ هاوسەنگكردنی نێوان داهات و خەرجییەكان بكەین و بۆ ئەوەش هەنگاو دەنێین".
هۆشداری ئەوەشی دا كە بێ رێكخستنەوەی داهات و خەرجی بارەكە قورس دەبێت و گوتیشی: "دەبێت بەشێك لە مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی كەم بكرێتەوە بۆ دابینكردنی مووچەی پێشمەرگە ئەگەر نا ئەمساڵ لە ساڵی 2015 زەحمەتتر حكوومەت مووچەی پێ دەدرێت".
تاڵەبانی لەدرێژەی قسەكانیدا باسی لەوەكرد كە حكوومەتی هەرێم ژمارەیەك بڕیاری لەپێناو چاكسازی و شەفافییەت بەم دواییانە دەركردووە، لەوبارەیەوە گوتی: "شەفافییەتی زیاتر لەكەرتی نەوت بەدەست دێت و، بۆ لەمەودوا سەرجەم گرێبەستەكانی فرۆشتنی غازی شل رادەگیرێن و دواتر لە رێگەی زیادكردنی ئاشكراوەوە لەپێناو شەفافكردنی زیاتری كەرتی نەوت دەخرێنە روو".
هەروەها تیشكی خستە سەر پێكهێنانی دوو لێژنە كە یەكێكیان تایبەتە بە پێداچوونەوە وردبینیكردنی داهاتی نەوت لە هەرێمی كوردستان و ئەوی دیكەش بۆ داهاتی ناوخۆیە كە بەقسەی جێگری سەرۆكی حكوومەت هەردوو لێژنەكە راپۆرتی مانگانەیان دەبێت و لەلایەن لێژنەیەكی باڵاتر لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێداچوونەوە وردبینی لێ دەكرێتەوە.
دوای قسەكانی قوباد تاڵەبانی وەزیری پێشووتری دارایی لوبنان (2005-2008) جیهاد ئەزعوور باسی لەو نەخشەڕێگەیە بۆ ئامادەبووان كرد كە ئەمڕۆ لەو رێوڕەسمە راگەیەنرا و گوتی: "پرۆژەكە بە دوو قۆناغ جێبەجێ كراوە و بەدیاریكراوی لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2015 دەستی پێكراوە واتە ساڵێك لەمەوبەر، گوتیشی قۆناغی یەكەم بریتی بوو لە زانین و دیاریكردنی ئەو ركابەرایەتییانەی تووشی حكوومەت بوونەتەوە چین و چۆنن و چەندن كە ئەوە تا مانگی ئاداری خایاندووە، قۆناغی دووەمیش لە تەمووزی ئەو ساڵە دەستی پێكراوە و لە چەند هەفتەی داهاتوو تەواودەبێت.
پرۆژەكەش بریتییە لە چۆنێتی رێكخستنەوەی داهاتەكانی حكوومەت و دیاریكردنی ئەو سەرچاوانە و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی.
news_share_descriptionsubscription_contact

