Yusuf Aydın Deniz
13 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2016
ئەم دۆخە ناسەقامگیرە و توندوتیژییەی عێراق وایكردووە كە حكوومەتی عێراق بیر لە پۆلیسی كۆمەڵگەیی بكاتەوە وەكو رێككارێك بۆ دەستەبەركردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتییان، جگە لەوەیش پۆلیسی كۆمەڵگەیی ئامرازێكی بە سوودە كە دەكرێت لە دەستپێشخەریی ئاشتی هەرێمیدا بەكاربێت.
پابەندبوونی حكوومەت بە پۆلیسی كۆمەڵگەییەوە لەوە سەرچاوە دەگرێت كە یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن لە نێوان رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ و وەزارەتی نێوخۆی عێراق لە 4/4/2014 واژۆ كرا لەسەر بنەمای گفتوگۆكانی نێوان رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ و وەزارەتی نێوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق.
پرۆژەی پۆلیسی كۆمەڵگەیی، رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ لە حەوت پارێزگای عێراق (بەغدا، بەسڕە، بابل، نەینەوا، هەولێر، دهۆك و سلێمانی) جێبەجێی دەكات و پرۆژەكەش بەشداری بە حكوومەتەكانی خۆجێی دەكات.
سەبارەت بەم پرۆژەیە، رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ كۆنفرانسێكی لە هۆتێل كانیۆن لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
بەڕێوەبەری پرۆژەی پۆلیسی كۆمەڵگەیی لە رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ پلادیسۆ سیلیپیگنی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پرۆژەكە مۆدێلێكی گشتگیرە و ئامانجی ئەوەیە دەزگای ئەمنی لەگەڵ لایەنی دادوەری بەیەكەوە لەگەڵ كۆمەڵگا لە گفتوگۆدابن بۆ ئەوەی بتوانن رێگربن لەبەردەم ئەنجامدانی تاوان و پێویستە متمانە هەبێت لە نێوان پۆلیس و خەڵكدا بۆ ئەوەی بتوانن هاوكاری یەكتر بكەن و لە كۆتاییدا ببێتە هۆی سەقامگیری و ئارامی وڵات".
رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ پەیوەندییەكی توندوتۆڵی درووست كردووە لەگەڵ بەشەكانی پۆلیسی كۆمەڵگەیی لە هەردوو حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەردوو حكوومەت لە نزیكەوە لەگەڵ رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ كاردەكەن بۆ درووستكردنی بەرنامەی راهێنانی پۆلیس و لەوانەش مەشقی تایبەت بە پۆلیسی كۆمەڵگەیی سەبارەت بە ئاشنابوونیان بە بنەماكانی مافی مرۆڤ.
بەڕێوەبەری پرۆژەی پۆلیسی كۆمەڵگەیی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دارا فاروق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پرۆژەی پۆلیسی كۆمەڵگەیی كارێكی تازەیە و لەسەر فەرمانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری نێوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 دامەزرا بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگای ئەم پرۆژەیەوە رێژەی تاوان كەمبكرێتەوە".
دارا فاروق گوتیشی: "پێشتر پۆلیس دوو ئەركی لەسەر شان بوو، یەكێكیان كارگێڕی و ئەوەی دیكەیان دادوەری، پۆلیسی كۆمەڵگەیی ئەركێكی خۆپارێزی هەیە واتا دەبێتە رێگر لەبەردەم دروستبوونی تاوان و لە كۆتاییدا دەمانەوێت رێژەی تاوان لە وڵات كەم بكەینەوە و سیمایەكی جوانی پۆلیسیش نیشانی خەڵك بدەین، ئەمەش پێویستی بەوە هەیە كە هاوسەنگی درووست بكرێت لە نێوان پۆلیس و هاووڵاتییان بۆ ئەوەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەیە بتوانن بە متمانەییەوە بیدەنە پۆلیسی كۆمەڵگەیی".
سەبارەت بە جیاوازی پۆلیس و پۆلیسی كۆمەڵگەیی، دارا فاروق گوتی: "ئەركی ئێمە ئەوەیە پشتبەستن بە زانیارییەكانی هاووڵاتییان ئەوا رێگربین لەبەردەم روودانی تاوان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری یاسایی و هۆشیاركردنەوە هاووڵاتییان و پەرەپێدانی ئاستی رۆشنبیری تاكەكانی كۆمەڵگا".
بەڕێوەبەری پرۆژەی پۆلیسی كۆمەڵگەیی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد كە لە ئێستادا لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربوون و بەشێكی زۆریش لە ئەفسەرەكانیان بەشداری خول و پەرەپێدانی ئەم كەرتەیان كردووە.
جێگەی ئاماژەیە پۆلیس و كۆمەڵگاكان ئامانجی هاوبەشیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و پتەوكردنی گەشەسەندنی كۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی یەكڕیزی، پۆلیسی كۆمەڵگەیی ئامرازێكە كە بناغە لەسەر ئەم ئامانجە هاوبەشانە دادەنێت كاتێك كە هەوڵدەدات دۆخی ئاسایش باشتر بكات بە درووستكردنی بوارێكی گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕكردن لە نێوان كۆمەڵگا و پۆلیسدا.