Abdullah Abdulmanaf Shukur
01 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2020
ھەولێر - AA
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەسەر ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و رێکخستنەوەی سیستەمی باج و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی کرد و جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان کردەوە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە بەشدارى جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو. بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە ھەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت.
ھەر لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی راپۆرتێکی دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆکانی حکوومەتی ھەرێم لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەرسێردراوەکان خستەڕوو، سوپاسی شاندی دانوستانکاری ھەرێمیشی کرد بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکان بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت.
پاشان سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازی، عەبدولحەکیم خسرۆ راپۆرتێکی دەربارەی ھەنگاوە کردەییەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خستەڕوو کە ئەمڕۆ ١ی تەمموز کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە چاکسازی لە ھەموو کەرتەکاندا دەکرێت و پرۆسەیەکی بەردەوامە و گوتى، "ئامانجیش لە چاکسازی کە خواستی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە، ھێنانەدی دادپەروەری و پاراستنی مافی مووچەخۆرانی شایستە و راستەقینەیە"
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پلاندانان دارا رەشید رەشنووسی پەیڕەو و چوارچێوەی یاسایی پەرەپێدانی ھاوبەشی ھەردوو کەرتی تایبەتی و گشتی و چەندین پێشنیار بۆ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت خستەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، سوپاسی وەزارەتی پلاندانانی کرد و بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکە و پێشنیارەکانی پەسەند کرد کە دەبێتە بنەمای یاسایی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ھاوبەشەکانی کەرتی گشتی و تایبەت.