Heman Hussein Yaseen
17 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2026
پارتی دیموکراتی کوردستان ھێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن بە توندی مەحکووم دەکات و داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق دەکات کە ڕێگریی لە پێشێلکاری و ھێرشەکان بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بکات.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: "لەکاتێکدا ھەموولایەک چاوەڕوانی ئەوەبوون دەست بۆ ئەمنیەت و سەقامگیریی عێڕاق و ھەرێمی کوردستان نەبرێت و پارێزراو بێت، بەتایبەتی کە تەواوی ھەوڵەکانی ھەرێمی کوردستان دوورخستنەوەی ھەرێم و عێڕاقە لە تێوەگلان لە کێشە و گرژییەکانی ناوچەکە و، ھەرگیز ھەرێم بەشێک نەبووە و نیە لەشەڕ و ئاڵۆزییەکان، بەداخەوە شەوی ڕابردوو لە ڕێگای دوو دڕۆنەوە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن بە ئامانج گیران".
پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم کردەوەی بە تێکدەرانە ناوبردووە و بە توندی سەرکۆنەی کردووە، وەک لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە: "زۆر بەتوندی ئەم کردەوە تێکدەرانەیە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین و، ئەو ڕەفتارانە لە بەرژەوەندی ھیچ لایەک نابینین و مەترسیدارن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی کردووەتەوە کە بەرپرسیارییەتیی سەرەکی لەسەر ئەم پرسە دەکەوێتە سەر شانی حکوومەتی فیدراڵی عێڕاق و داوای کردووە بە جدی ڕێگریی لە ھێرش و پێشێلکارییەکان بکات و لە زووترین کاتدا بە ڕێگای گونجاو بەرەنگاری ئەم جۆرە دەستدرێژییانە ببێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان - عێڕاق لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردبووەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە دوو دڕۆن ھێرشکراوەتە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن لە پیرمام و ھیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.