Heman Hussein Yaseen
17 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2026
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا سەرکۆنەی ئەو ھێرشانە دەکات کە کراوەتە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و داواش لە حکوومەتی عێراق دەکات کە پابەندیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات جێبەجێ بکات.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێجیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە: "بە توندی سەرکۆنەی ئەو ھێرشانە دەکەین کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنیان کردە ئامانج. ئەم ھێرشانە بە تەواوی ڕەتکراوە و پەرەسەندنی مەترسیدارن".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوا لە عێراق دەکات کە بەرپرسیارییەتی خۆی جێبەجێ بکات و تێیدا ھاتووە: "داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین بەرپرسیاریەتی و پابەندیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات جێبەجێ بکات بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستووەڕوو کە، پاراستنی سەروەریی، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، بەرپرسیاریەتییەکی ھاوبەشە و ھەمووان دەبێت کار بۆ ئارامکردنەوە و نەھێشتنی گرژییەکان بکەن.
ئەم پەیامەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان - عێڕاق لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردبووەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە دوو دڕۆن ھێرشکراوەتە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن لە پیرمام و ھیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.