Rewa Mahmood Hasan
01 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2020
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆکی ئەو حزبە لاهور شێخ جەنگی و بە بەشداری ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان-ی کرد و لەلایەن رێکخەری بزووتنەوەکە، عومەری سەید عەلی و ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پێشوازی لێکرا.
سەردانەکە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی بوو و هەردوو لا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.
دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش بۆ هەریەک لە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، سۆران جەمال تاهیر و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، دەرباز محەمەد رێکخرا.
سەرەتا دەرباز محەمەد رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی باڵای هەردوو لا تاوتوێ باردۆخی دۆخی هەرێم و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان کردووە.
دەرباز محەمەد گوتی: ''ئێمە وەک گۆڕان جەختمان لەوە کردۆتەوە کە دەبێت چاکسازی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چارەسەر بکرێت، چونکە تەنها چاکسازی چارەسەرە".
ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، دەرباز محەمەد سەبارەت بە هۆکاری بڕینی بەشێک لە مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم، گوتی: "هۆکارەکەی ئەوە بوو داهاتێکی زۆر هەیە، بەڵام نایەتە خەزێنەی حکوومەتەوە کە پێویستە ئەمە چارەسەر بکرێت".
دەرباز محەمەد لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان-یشەوە گوتی: "لێژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ بابەتی لا مەرکەزی کە رای هەموو لایەنەکان وەربگرێت و رێکیان بخاتەوە".
لای خۆیەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، سۆران جەمال تاهیر گوتی: "ئێمە سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەین و ئامانجامان ئەوەیە پرۆژەی چاکسازی تەنها لە مووچەدا نەبێت، بەڵکو چاکسازی لە داهاتەکان بکرێت و کەمترین زیان بەرخەڵک بکەوێت".
ماوەیەکە هەریەک لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەجیا سەردانی چەند حزب و لایەنێکیان کردووە لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر، بەمەبەستی قسە و گفتوگۆکردن و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لەسەروو هەموویانەوە مووچە و بژێوی خەڵک و پرۆسەی چاکسازی کە لە حکوومەتدا دەستی پێکردووە.