Dilşad Seyfeddin Ahmet
14 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2016
سلێمانی
بەمەبەستی گفتوگۆكردنی كۆتایی لەسەر پڕۆژەی رێكەوتنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە سەرپەرشتی جێگرانی سكرتێری گشتیی ئەو حزبە و ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامان، هەروەها جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بەسەرۆكایەتی رێكخەری گشتیی گۆڕان نەوشیروان مستەفا كۆبوونەوە.
بەگوێرەی میدیاكانی هەردوولا كۆبونەوەی هەردوو لایەنەكە كە بەجیا و هەریەك لە بارەگای تایبەتی خۆی ئەنجامی داوە نزیكەی دوو سەعاتی خایاندووە و بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەكەیان پەسەند كردووە.
ئەو پڕۆژەیەش یەكەم رێکكەوتنی نێوان هەردوولایەنە بۆ لەیەكتر نزیكبوونەوە و یەكگرتنەوە، دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا كە پێشتر جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی تری ئەو حزبە لە ساڵی 2006 لە یەكێتی جیابوونەوە و بزووتنەوەی گۆڕانیان دامەزراند.
ئەو جیابونەوەیەی نەوشیروان مستەفا و هاوڕێكانی لە یەكێتی و دروستكردنی گۆڕان كە سەرەتا وەك كۆمپانیایەكی میدیایی خۆیان ناساند و دواتر لە یەكەم بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2009 و بەدەستهێنانی 25 كورسی پەرلەمان، كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەردوولای زەقتر كردەوە و كەوتنە كێبڕكێ و شەڕێكی راگەیاندنی قورسەوە بەرامبەر یەكتر كە هەندێكجار تا لێواری تەقینەوەی دۆخەكە هەنگاوی دەنا.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مستەفا چاوڕەش لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا و دوای تەواوبونی كۆبوونەوەی سەركردایەتی حزبەكەی پەسەندكردنی رێكکەوتنەكەی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند هەموو ئەندامانی سەركردایەتی رێكکەوتنەكەیان پەسەند كردووە و كەس دژایەتی نەكردووە.
چاوڕەش گوتی: "لە 44 ئەندامی سەركردایەتی ئامادەبووی كۆبوونەوەكە كەس لاری نەبووە لەسەری، بەشێوەیەكی سەرەتایی رێكکەوتنەكەمان پێ باشە و هەمووان پشتیوانی دەكەین و لە كۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی سەركردایەتی گفتوگۆ لەسەر خاڵەكانی رێكکەوتنەكە دەكەین".
تا ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی رێكکەوتنەكە بڵاو نەكراوەتەوە بەڵام ئەوەی زانراوە پڕۆژەی رێكکەوتنەكە لە 20 مادە پێك هاتووە كە زۆربەی بوارەكانی لەخۆ گرتووە.
لە دیباجەی رێكەوتنەكەدا كە لەلایەن هەردوولاوە ئامادە كراوە هاتووە: "بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە روانگەی باوەڕی تەواوەوە بەپێویستی دەزانن رێكخستن و پەرەپێدانی دۆستایەتی و پەیوەندییەكانیان لەسەر بنەمای ئاشتەوایی و هاوكاری و باوەڕی هەردوولا بە پێویستی بوونی ستراتێژێكی نیشتمانی بۆ دامەزراندنی حوكمڕانییەكی تەندروست و دادپەروەری كۆمەڵایەتی كە یاسا تێیدا سەروەر بێت و لە روانگەی باوەڕی تەواویان بەوەی كە پەرەپێدانی دۆستانەیان لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و پڕۆسەی دیموكراسی و ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری و بەرژەوەندی هەردوولادا، هەردوولا رێكکەوتن لەسەر ئەو پڕەنسیپانەی كە لەم رێكەوتنەدا هاتوون وەك بنەمایەك بۆ رێكخستنی چوارچێوەی گشتیی پەیوەندییەكانیان.
لە یەكێك لە ماددەكاندا و لەبارەی فراكسیۆنەكانیانەوە هاتووە: "هەنگاوی یەكەمی جێبەجێكردنی ئەم رێكکەوتنە دروستكردنی ئیئتیلافێك دەبێت بۆ فراكسیۆنەكانی هەردوولا لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكان.
ئەم رێكکەوتنە رێگە بەهەردوولا دەدات بە لیستێكی هاوبەش بەشداری لە هەڵبژاردنەگشتییەكانی پەرلەمانی عێراق و كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكەن".
پێشتر و لە ساڵی 2012 و پێش نەخۆشكەوتنی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەلال تاڵەبانی لە گردی دەباشان كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی لە نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ئەنجام درا و هەردوولا بە زارەكی لەسەر ئەم ئەنجامە گەیشتنە رێكەوتن.
بەڵام دواتر بەهۆی نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە ئەو رێكەوتنە نەچووە بواری جێبەجێكردن و دواخرا تا ئەوكاتەی تەندروستی تاڵەبانی باشتر دەبێتەوە.