تەندروستی, عێراق, کۆڤید- ١٩

هاوكارییه‌ پزیشكییەكانی توركیا گەیشتنە شاری كەركووك

ــ پارێزگاری كەركووك، راكان سەعید: "توركیا بەناردنی هاوكارییه‌ پزیشكییەكانی، جارێكی دیكە دۆستایەتی خۆی بۆ گەلی عێراق سەلماند".

01.07.2020 - نوێکردنەوە : 02.07.2020
هاوكارییه‌ پزیشكییەكانی توركیا گەیشتنە شاری كەركووك

كەركووك- AA

ئەو هاوكارییه‌ پزیشكییانەی كە توركیا لەچوارچێوەی پاڵپشتییەكانی لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) رەوانەی عێراقی كردووە، گەیشتنە شاری كەركووك.

لەسەر فەرمانی سەركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئەو فرۆكەیەی كە هاوكارییه‌ پزیشكییەكانی هەڵگرتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە فڕۆكەخانەی سەربازی "ئه‌تیمه‌سگوت" لە ئەنقەرەی پایتەخت فڕی و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركووك نیشتەوە.

پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، ئەو هاوكارییه‌ پزیشكییانەی كە لە لایەن توركیاوە رەوانەكراوە رادەستی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی لە كەركووك كران.

لەوبارەیەوە پارێزگاری كەركووك، راكان سەعید لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "توركیا بەناردنی هاوكارییه‌ پزیشكییەكانی، جارێكی دیكە دۆستایەتی خۆی بۆ گەلی عێراق سەلماند".

راكان سەعید جەختی لەوە كردووەته‌وه‌ كە گرنگی ئەو هاوكارییه‌ پزیشكییانەی كە لە لایەن توركیاوە رەوانەكراوە، لەوەدایە گەلی عێراق بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بە رەوشێكی سەختدا تێپەڕدەبن.

لای خۆیەوە جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی لە عێراق، حەسەن تۆران سوپاسی سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی كرد و ئاشكرایكرد، ئەو هاوكارییه‌ پزیشكییانە دەبێتە هۆی پتەوتركردنی هەوڵی تیمە پزیشكییه‌كان لە كەركووك لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

حەسەن تۆران روونیشیكردەوە كە بەرپرسانی خۆجێیی لە كەركووك بەشێك لەو هاوكارییه‌ پزیشكییانەی توركیا رەوانەی شاری مووسڵ و قەزای تەلەعفەر دەكەن و گوتی: "توركیا، گەلی عێراق بەتەنها جێناهێڵێت و جارێكی دیكە ئەو كارەی ئەنجامدا كە لێی چاوەڕوان دەكرێت".

پێشتر باڵیۆزی توركیا لە بەغدا، فاتیح یڵدز رایگەیاندبوو ئەو هاوكارییه‌ پزیشكییانەی كە لەسەر فەرمانی سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئامادەكراون بەمزووانە دەگەنە عێراق بۆ ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بەكار بهێنرێن.

بەپێی دوایین ئامارەكان تا ئێستا ٥١ هەزار و ٥٢٤ كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش دوو هەزار و ٥٠ كەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٦ هەزار و ٢٦٧ كه‌سی دیكەیش چاكبوونەتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın