Heman Hussein Yaseen
02 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2020
هەولێر - AA
رۆژی یەکی تەمووز، یاسای چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی کەوتە واری جێبەجێکردنەوە کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە سەرجەم رێکارەکان بۆ جێبەجێکردنی گیراوەتەبەر. بەشێکی زۆر لە ناوەڕۆکی یاساکە بابەتی خانەنشینی و خزمەتی وەزیفی لەخۆدەگرێت و ھیچ خزمەتێک بۆ ھیچ کەسێک ھەژمار ناکرێت ئەگەر بەپێی یاسا نەکرابێت و ھەر پلەیەک بەدەر لە یاسا درابێتە هەر فەرمانبەرێک ئەوا پلەکەی هەڵدەوشێندرێتەوە.
ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەرشەد حوسێن لۆلانی رایدەگەیەنێت کە هەرچەندە گرنگە کە چاکسازی لە زۆر سێکتەردا بکرێت، بەڵام ئەم پڕۆژە چاکسازییەی ئێستا هەیە، بە دڵنیایییەوە بەشێکی باشە لە چاکسازی، ئەوەیش دەخاتەڕوو کە هێشتا دیار نییە لە ئەنجامی ئەم پڕۆژە یاساییە چەند داهات دەگەڕێتەوە خەزێنەوەی دەوڵەت.
ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ، ئەرشەد حوسێن لۆلانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو پڕۆژە چاکسازییە بەشێکە لە چاکسازی گەورە، چونکە گەر چاکسازی بە پڕۆژەی گەورە تەماشا بکەین، دەبێت چاکسازی لە زۆر سێکتەر بکرێت وەک داھاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکان و زۆر بابەتی دیکە، بەڵام یاسای چاکسازیی زیاتر دەرماڵە و مووچە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشین و پاسەوانەکان".
لە ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٢٥٥ ھەزار و ٢٧٣ کەس مووچە لە حکوومەتی ھەرێم وەردەگرن کە زیاتر لە ٧٥٢ ھەزاریان فەرمانبەرن و ٥٠٢ ھەزار کەسیش بە ناوی خانەنشینی، کۆمەڵایەتی و شەھیدانە مووچەیان پێدەدرێت، لەبارەی بڕی پارەی گەڕاوە و زیادبوونی داهات لە ئەنجامی جێبەجێکردنی پڕۆژە یاساکە، ئەرشەد حوسێن لۆلانی گوتی: "لەم پڕۆژە یاساییەدا، هەر پلە وەزیفییەک بە نایاسایی کرابێت ئەوا هەڵدەوەشێتەوە و دەچێتەوە سەر پلە وەزیفییە شایستەییەکەی خۆی، بەڵام هێشتا بڕە پارەیەکی دیاریکراو نییە کە دەگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەیشی خستەڕوو کە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە ھیچ بەربەرستێک نەماوە لە پەرلەمانی کوردستان پەیڕەوی پێ دەرچووە و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پەسەندی کردووە.
لەبارەی گرنگترین بڕیارەکانی ناو چاکسازییەکەش، ئەرشەد حوسێن لۆلانی گوتی: "ھەر رێکخستنەوەیەک ئەنجام بدرێت، پێویستە لە چوارچێوەی وەزیفەی گشتییدا بێت لەسەر بنەمای بڕوانامە و خزمەتی فیعلی و ئەو خزمەتانەی کە بەپێی یاسا بەرکارەکان ھەژمارکراون، ھیچ خزمەتێک ھەژمار ناکرێت ئەگەر بەپێی یاسا نەبووبێت، ھەڵوەشاندنەوەی ھەر پلەیەکی وەزیفی و ناونیشانێک درابێتە فەرمانبەر کە ھاودژ بێت لەگەڵ یاسای ئاماژە پێکراو، یەکخستنی پلەی وەزیفی و ناونیشان لەگەڵ مووچەی فەرمانبەران، هەڵوەشاندنەوەی پێدانی ساڵانی خزمەت بۆ مووچەخۆران، بۆ نموونە خزمەتی وەزیفی شارستانیی، پێشمەرگایەتی و ئاسایشی ناوخۆ و ھەر پێگەیەکی یاسایی لە بواری راژەی شارستانیی راژەی گشتیی درابێت بە فەرمانبەر بە بڕیاری کارگێڕی ئەو پێگەیە پارێزراو دەبێت".