Hemn Baban
02 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2017
هه‌ولێر - AA
حه‌كیم ده‌ڵێت سه‌رده‌می گردبوونه‌وه مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌ییه‌كان به‌سه‌رچوون.
سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی، عه‌ممار حه‌كیم ئه‌مڕۆ له میانی به‌ڕێوه‌چوونی رێوڕه‌سمه‌كانی رۆژی یه‌كه‌می جه‌ژنی قوربان له به‌غدا كه شیعه‌كانی عێراق ئه‌مڕۆیان وه‌كو یه‌كه‌م رۆژی د‌یاریكردبوو، گوتارێكی پێشكه‌شكرد و تێیدا له باره‌گای سه‌ره‌كی ره‌وته‌كه‌ی له‌به‌رده‌م هه‌زاران كه‌س له په‌یڕه‌وانی ره‌وته‌كه‌ی رایگه‌یاند "ئه‌م جه‌ژنه له‌كاتێكدایه ئێمه ئه‌و خاكه‌مان وه‌رده‌گرینه‌وه كه تیرۆر پیسی كرد، شاره‌كانمان بۆمان ده‌گه‌ڕێنه‌وه، گه‌له ستهملێكراوهكهمان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاره‌كانی دوای ئه‌وه‌ی ململانێیه‌كی پاڵه‌وانانه‌مان برده‌وه له خراپترین و ناشرینترین تیرۆر كه چه‌رخی نوێ به‌خۆوه‌ی بینیوه، ئه‌مڕۆ له ته‌له‌عفه‌ر، به‌یانی له حه‌ویجه و قائیم، بۆ گه‌لمان سه‌لماند ئێمه ناشكێین هه‌رچه‌نده چه‌قۆی سته‌م له جه‌سته‌مان بچه‌قێت و پیاوانی ئێمه جه‌نگاوه‌ری بەهێزن هەركاتێك سه‌ركردایه‌تیی لێهاتوو و پاڵپشتیی گونجاوی هه‌بێت".
هه‌روه‌ها باسی له قوربانیدانی هێزه چه‌كداره‌كان كرد و گوتی "برایانمان له هێزه چه‌كداره‌كان له هه‌موو به‌شه‌كان هیچیان له زیره‌كی و ئیراده كه‌م نییه و بۆ جیهانییان سه‌لماند كه ئه‌وان توانییان گه‌وره‌ترین گرووپی تیرۆریستی له تاواندا ببه‌زێنن، رۆڵه‌كانمان به‌شه‌ره‌فه‌وه شه‌ڕیان كرد و سه‌ركه‌وتن له‌به‌رده‌م چاوی جیهان به‌شه‌ره‌فه‌وه و گه‌ل و ناوچه و جیهانییان له لافاوی تیرۆری شه‌یتانیی پاراست، چیرۆكی پاڵه‌وانی و قوربانیدانی ئه‌وان شاهید ده‌بێت بۆ نه‌وه‌كان بۆ له‌سه‌ر زیره‌كی سوپای و پۆلیس و حه‌شد و پێشمه‌رگه‌ی ئێمه و خۆڕاگریی گه‌له‌كه‌مان و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات هێزه چه‌كداره نیشتمانییه‌كانمان بونیادبنێینه‌وه چونكه شورای نیشتمان و ناسنامه‌ی عیزه‌ت و به‌ره‌و پێشچوونییهتی".
هه‌روه‌ها له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه كرد كه داعش و گرووپه‌كانی دیكه به‌دوای ده‌رفه‌تدا دەگەڕێن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانییان به‌دی بهێنن، له‌و رووه‌وه گوتی "به پشتیوانی خوای گه‌وره له شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ تیرۆر سه‌ركه‌وتین، به‌ڵام هێشتا شه‌ڕه‌كه ته‌واو نه‌بووه، تاوانباران ده‌گه‌ڕێنه‌وه هه‌ر كاتێك هه‌ست بكه‌ن ده‌رفه‌ت هه‌یه بۆ جێبه‌جێ كردنی خه‌ونه شهیتانییهكانییان له‌رێگه‌ی پاشه‌كشێی هێزه‌كانمان یان خاوبوونه‌وه‌ی ئیراده‌مان، با به‌ئاگابین به سووربوون و یهكڕیزییمان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م خاكی پیرۆزمان له پیسیی تیرۆر پاك بكه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ها چاودێریی خێزانی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانمان بكه‌ین و له پایه‌ی به‌رزدا بیانهێڵینه‌وه".
عه‌ممار حه‌كیم له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه‌كرد كه سه‌رده‌می به‌ڵێن دان به‌سه‌رچوو و كرده‌وه‌كان ئێستا كاریان پێده‌كرد، گوتیشی "ئێمه پێویستمان به‌و ره‌وته نیشتمانییانه‌یه كه پێكهاته‌كان تێده‌په‌ڕێنێت، پێویستمان به‌و هاوپهیمانێتییانهیه كه پێكهاته‌كان تێده‌په‌ڕێنێت، پێویستمان به حكوومه‌تێكی زۆرینه‌ی نیشتمانییه كه پهراوێزكار نه‌بێت بۆ راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی كرده‌ی سیاسی، سه‌رده‌می گردبوونه‌وه‌ی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی پێویسته كۆتایی پێ بێت و ده‌بێت عێراقییه‌كان هه‌موو بزانن كه به‌رپرسن له سه‌لامه‌تی عێراق و بونیادنانی، هه‌روه‌ها كاركردن بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی، ئه‌مه‌ش به حكوومه‌تێكی نیشتمانی یه‌كگرتووی كاریگه‌ر ده‌بێت كه رێككه‌وتوو بێت له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی ئابووریی و خزمه‌تگوزاریی دیاریكراو، ته‌وافوقی سواوی كردین، وایكرد كاری سیاسی پابه‌ندی میزاج و به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سك و قۆستنه‌وه بێت".
سه‌باره‌ت به راپرسیی هه‌رێمی كوردستانیش كه بڕیاره له 25ی ئهیلوول به‌ڕێوه‌بچێت گوتی "عێراقی یه‌كگرتوو گه‌ره‌نتی ئازادی و هێز و بهرهوپێشچوونمانه، له‌گه‌ڵ رێز و پێ‌زانین و شانازیی زۆرمان له برایانمان له نیشتمان پێیان ده‌ڵێن عێراق به‌شی هه‌موومان ده‌كات، كوردستان ئازیزه لای ئێمه و گه‌وره‌یه له دڵماندا گه‌ل و خاك و سه‌ركرده‌یان، نیشتمان مافی گه‌له‌كانه، به‌ڵام عێراق نیشتمانی كوردستانه، نیشتمانی كوردی ئازیزمانه وه‌كو چۆن نیشتمانی عه‌ره‌ب و توركمان و شه‌به‌ك و مه‌سیحی و سابیئه و ئێزدیی و هه‌موو عێراقییه رهسهنهكانه".
گوتیشی "عێراق ته‌نها سنووری ئیداریی نییه، به‌ڵكو مێژوو و شارستانییه‌تێكی به‌رده‌وام و تێكه‌ڵه، پێش سیاسه‌ت و حساباته‌كانی ده‌بێت حساباتی ئه‌و واقیعه تێكه‌ڵه‌ی له‌نێوان عه‌ره‌ب و كورد و سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی تر ره‌چاو بكه‌ین".
هه‌روه‌ها گوتیشی"مادام مافه‌كان له ده‌ستووردا پارێزراوه، بۆچی به‌دوای نه‌خشه‌ی دیكه بۆ ناكۆكی و یهكتبڕین بگه‌ڕێین، ئه‌وه‌شی پێی وایه جیابوونه‌وه كێشه‌كان كۆتایی پێ بێنێت ئه‌وا هه‌ڵه‌یه، چونكه كێشه‌كان قه‌ده‌ری نیشتمانهكانه ئیتر گه‌وره بێت یان بچووك، به‌ڵكو قه‌ده‌ری سه‌ركرده گه‌وره‌كان ئه‌وه‌یه كێشه‌ی گهلهكانییان و نیشتمانهكانییان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ئاشتی و بهرقهرارییان پێ ببه‌خشن".
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا عه‌ممار حه‌كیم گوتیشی "ئێمه وه‌كو ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی له رابردوو و ئێستا و بۆ داهاتووش شانازی به په‌یوه‌ندییه مێژوویی و چارهنوسسازهكانمان له‌گه‌ڵ برایانی كوردمان ده‌كه‌ین، هه‌رچه‌ند هه‌ندێك كه‌س خۆڵ بكه‌نه چاوه‌كانه‌وه، به‌ڵام چاوی ئێمه فراوانه به خۆشه‌ویستی بۆ برایانی كوردمان زیاتر له خۆڵی رق له دڵه‌كان، ئێمه دڵنیایین برایانی كورد سوورن له‌سه‌ر عێراق وه‌كو چۆن ئێمه پابه‌ندین".