Hemin Hüseyin
13 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2017
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جان کۆبیس و شاندێکی یاوەری کرد.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە لە دیدارێكدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ رەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە و بەبۆنەی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە و تێکشکاندنی تیرۆیستان پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان کرد. هەروەها بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پیرۆزبایی خۆی بەسەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
لە دیدارەکەدا قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ خرایە بەر باس و هەردوولا بیروبۆچوونی خۆیان لەبارەی قۆناغی دوای داعش و تەحەدیاتی ئەو قۆناغە و رۆڵی پێكهاتەكان و حكوومەتی عێراقی و حكوومەتی هەرێم هەروەها دابینكردنی ئاساییش و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا خستەڕوو و، شاندی میوان ئامادەیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری لەو بارەیەوە دەربڕی.
لە كۆبوونەوەکەدا شاندی میوان هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ بەرز نرخاند و بەهۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەی لەقەڵەم دا بەردەوامبوونی ئەو هەماهەنگییەیان بەپێویست زانی.