Muhammet Ali Kemal
13 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2017
ئاستانا - AA
وەزیری دەرەوەی کازاخستان، خەیرەت عەبدرەحمانۆڤ ئاشکرای کرد کە چاوەڕوانی رەزامەندی لایەنەکانی بەشدار لە گەڕی سێیەمی کۆبوونەوەکانی ئاستانا دەکەن کە بڕیارە سبەی دەست پێ بکات. باسی لەوەشکرد رۆژەڤی کۆبوونەوەکان کە پەیوەستن بەسووریا، لەلایەن وڵاتانی گرەنتیکار کە هەریەک لە تورکیا، ئێران و رووسیان، دیاری دەکرێت.
خەیرەت عەبدرەحمانۆڤ لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لایەنەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکانی ئاستانا سێدا کە لەبارەی سووریاوە بەرێوەدەچێت و بڕیارە 14-15ی ئەم مانگە سازبکرێت، دەستیان بەهاتن بۆ شارەکە کردووە و گوتی: ''شێوە و رۆژەڤی کۆبوونەوەکان لەلایەن وڵاتانی گرەنتیکار کە هەریەک لە تورکیا، ئێران و رووسیان، دیاری دەکرێت''.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد ئەو ئاگربەستەی رۆژی 30ی کانوونی یەکەمی 2016 لە سووریا راگەیەنرا، بووەتە ئاگربەستێکی کاریگەر و رایگەیاند:
''لەئێستادا ناتوانم بەتەواوەتی ئەوە بڵێم کە کێ بەشداریی لە کۆبوونەوەکاندا دەکات. لەلایەن رووسیاوە نووسراوی فەرمیمان پێگەیشتووە. نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا، نوێنەری تایبەتی وەزیری دەرەوە و جێگری راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و نوێنەری ئێران بەشداریی دەکەن. چاوەڕوانی رەزامەندی بەشدارییکردنی لایەنەکانی دیکەین''.
لەبارەی بەشدارییکردنی ئوردن، وەزیری دەرەوەی کازاخستان، خەیرەت عەبدرەحمانۆڤ رایگەیاند ''بەشدارییکردنی ئوردن لە کۆبوونەوە تەکنیکییەکەی 6ی شوباتدا، ببووە مایەی بەشدارییکردنی نوێنەری گرووپە ئۆپۆزسیۆنە سەربازییەکانی سەر سنووری نێوان سووریا و ئەو وڵاتە''.