پاریس
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد (داود ئۆغڵو) لەشاری پاریس بەشدارییکرد لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی و لەبارەی کۆبوونەوەکانی لەفەرەنسا قسەیکرد.
داود ئۆغڵو ھەڵوێستی تورکیای لەبەرامبەر بەکارھێنانی چەکی کیمیایی دووپاتکردەوەو گوتی " لەکۆبوونەوەکانمدا لەپاریس ھەڵوێستی تورکیام زۆر بە راشکاوانە خستە بەردەم بەشداربووان، تورکیا دژی چەکی کیماییە و کۆشش دەکا بۆ لەناوبردنی، بۆ سەر خستنی ئەم کۆششانە ئامادەی پێشکەشکردنی ھەر جۆرە ھاوکارییەکە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی بەردەوامی گوشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ سەر سوریاو ئاشکرایکرد زۆربەی وڵاتان کۆکن لەسەر ئەوەی کە نابێ رژیمی بەشار ئەسەد تا ساڵی داھاتوو بەردەوامبێ.
لەوبارەیەوە زیاتر گوتی " لە راستیدا نەدەبوو چارەسەر کردنی قەیرانی سوریا ئەوەندە درێژەی پێ بدرایە، دەبوو لە ماوەیەکی کەمتردا کۆتایی بەو قەیرانە بھێنرایە، ئەو ررێککەوتنەیشی ئەنجامدراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی کیمیایی سوریا نابێ تەنیا لە چوارچێوەی چەکی کیمیاییدا بێ، چونکە پێویستە بەرپرسیارانی کوشتنی ھەزاران کەس و بریندارکردنی ھەزارانی دیکە ھەروا بەختو خۆڕایی قوتار نەبن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێ".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی دا بەڕاپۆرتی تیمی لێکۆڵینەوەی UN لەسوریاو جەختیکردەوە ئەو جۆرە کیمیاییەی بەکارھێنراوە تەنیا سوپای سوریا ھەیەتی و جۆرێکی تەواو ترسناکە.
داود ئۆغڵو لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سوریا لەلایەن سوپای تورکیاوە گوتی " بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سوریا بیر لە بەزاندنی ئاسمانیی تورکیا نەکاتەوە، ھەڵوێستی سوپای تورکیا وەڵامدانەوەیەکی شایستە و بەجێ بوو".