Azat MUHAMMET
26 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2017
هەولێر – AA
فەرماندەى هێزەکانى پێشمەرگە لە پردێ، کەمال کەرکووکى بە ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند "چەکدارانى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق بە پاڵپشتى سەرباز و فەرماندەکانى ئێرانى هێرشێکى بەرفراوانیان بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە دەستپێکرد، داوى بەرەنگاربوونەوە، پێشمەرگە هێرشى حەشدى شەعبى تێکشکاند و زیانى زۆرى پێگەیاندن".
کەمال کەرکووکى لەبارەى زیانەکانى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراقەوە گوتى: "نۆ چەکدارى حەشدى شەعبى کوژراون و ژمارەیەکى زیاتریش بریندار بوون و هەروەها ژمارەیەک ئۆتۆمبێلى سەربازیشیان سووتێنراوە، پاشەکشەمان بە چەکدارانى حەشدى شەعبى کردووە، بەڵام تا ئێستا شەڕە تەقە بەردەوامە لە نێوان هێزى پێشمەرگە و حەشدى شەعبى".
هاوکات فەرماندەى لەشکرى رۆژ سەر بە پێشمەرگەى زێرەڤانى لە میحوەرى رەبیعە، عەقید بەدەل بەندى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لە کاتژمێر شەشى بەیانییەوە و تا ئێستا هێزەکانى پێشمەرگە شکستى بە سێ هێرشى بەرفراوانى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق هێناوە لە سنوورى رەبیعە، تا ئێستا ژمارەیەک تانک و هەمەرى سەربازییان تێکشکێنراون، و چەندین لاشەى چەکدارەکانیان لە سنوورەکە بەجێماوە".
ئەو فەرماندەیە دەڵێت "سەرجەم هێرشەکانى حەشدى شەعبى بە پاڵپشتى فەرماندە و سەربازانى سەر بە سوپاى پاسدارانى ئێران ئەنجام دەدرێن".
جێگرى فەرماندەیی دهۆک، عەمید عومەر محەمەد ئامانجى هێرشەکانى حەشدى شەعبى بە پاڵپشتى پاسدارى ئێران بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو ئاشکرا دەکات و دەڵێت "حەشدى شەعبى چەندین رۆژە سەرجەم رێگەیەکى تاقیکردەوە بۆ ئەوەى سەنگەرەکانى پێشمەرگە بشکێنن و بەرەو سنوورەکانى سووریا پێشڕەوى بکەن، ئامانجیشیان کۆنتڕۆڵکردنى دەروازەى سنوورى پێشابوور-سێمالکایە لە نێوان هەرێمى کوردستان و سووریا. خۆشبەختانە هەموو هەوڵەکان شکستیان هێناوە و پێشمەرگە لە حاڵەتى ئامادەباشى تەواودایە".
پێشتر ئەفسەری فڕۆکەوان، رائید عوبەیدە ساڵح شەریف بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاندبوو کە ١٢ هێلیکۆپتەری جەنگی لە "بنکەی سەربازیی زوممار" باکووری رۆژئاوای مووسڵ، بۆ پاڵپشتی هێزە چەکدارەکان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئامادە کراون.
ئەو ئەفسەرە فڕۆکەوانە روونی کردەوە کە "ئامانجی سەرەکی لە هاتنی ئەم هێلیکۆپتەرانە بەرگرتنە لە هەر کردەیەکی تیرۆریستی کە هێزە عێراقییەکان لە مووسڵ و دەرووبەری بکاتە ئامانج".
لەبارەی ئەگەری بەشداری پێکردنی ئەو هێلیکۆپتەر جەنگییانە لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە کە "لە ئەگەری کردنە ئامانجی هێزە عێراقییەکان بە گوللـەی هێزەکانی پێشمەرگە و داواکردنی پاڵپشتی و رەزامەندی فەرماندەیی لە پاڵپشتیکردنیان، ئەو هێلێکۆپتەرە جەنگییەکان ئەوە جێبەجێ دەکەن کە پێیان رادەسپێردرێت و هێزەکانی پێشمەرگە دەبنە ئامانجی دژە سەربازی".
بە هۆی پهلامار و بهریهككهوتنى هێزهكانى عیراق و پێشمهرگه کە له 16/10/2017ـهوه دەستی پێکردووە بە دەیان کەس لە دوولایەن بوونە قوربانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەتەوەیەکگرتووەکان لەئەگەری پەرەسەندنی ئەم پێکدادانە و قوربانی و ئاوارەبوونی خەڵکی سڤیل هۆشدارییان داوە.