26 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2017
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە حكوومەتەكەی تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم كە هەرێمی كوردستان لە مانگی رابردوودا ئەنجامی دا و پابەندبوون بە دەستوور لەگەڵ سەپاندنی دەسەڵاتی فیدرال لە ناوچە جێناكۆكان، رازی دەبێت.
ئەم هەڵوێستەی حەیدەر عەبادی دوای رۆژێك لەو دەستپێشخەرییە دێت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە سڕكردنی ئەنجامی ریفراندۆم هەروەها راگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور پێشكەشی كردبوو.
لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە ئەمڕۆ لە پەراوێزی دیداری لەگەڵ جێگری سەركۆماری ئێران، ئیسحاق جیهانگیری، حەیدەر عەبادی رایگەیاندووە "ریفراندۆم لە كاتێكدا ئەنجامدرا، ئێمە هێشتا لە شەڕی دژ بە داعشبووین، هۆشدارییمان لە ئەنجامدانی دا بەڵام بێ سوود بوو".
سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتیشی: "ئەو رێوشوێنە دەستوورییانەی كە بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵاتی حكوومەتی فیدرال لە ناوچە جێناكۆكان گرتوومانەتەبەر، سەركەوتنە بۆ سەرجەم عێراقییەكان و ستراتیجییەتی ئێمە ئەوەیە ئەو ناوچانە بكەونە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و ئێمە تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم و پابەندبوون بە دەستوور، رازی دەبین".
حەیدەر عەبادی راشیگەیاندووە "داوای هاوكاری و ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییەكان بە ئامانجی خزمەتكردنی گەلەكانمان و هەروەها كۆتاییهێنان بە دەستوەردانەكان دەكەین كە بوونەتە هۆی وێرانكاری زیاتر، قوربانیدان و ئاوارەبوون، بۆیە لە بری ناكۆییەكان ململانێیەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە، گەشەپێدان پێشنیاز دەكەین، پێویستە لەسەرمان كار بۆ وەربەرهێنانی وزەی گەنجان بكەین كە گرووپە تیرۆریستییەكان هەوڵدەدەن فریودیان بدەن".
لای خۆیەوە جێگری سەركۆماری ئێران، ئیسحاق جیهانگیری بە بۆنەی سەركەوتنی لە پاراستنی یەكێتی و سەروەری عێراق پیرۆزبایی لە حەیدەر عەبادی كرد و دووپاتی كردەوە كە ئێران لە پاڵپشتیكردن، بنیادنانەوە و سەقامگیری عێراق بەردەوام دەبێت.
شەوی رابردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بە سەردانێك لە توركیا گەیشتە ئێران.