سياسەت, عێراق

ئەندامێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە دانیشتنی پەرلەماندا کرایە دەرەوە

گرژی لەنێوان جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هێمن هەورامی و ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کاوە عەبدولقادر لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا دروست بوو و بەهۆیەوە ئەندامەکەی نەوەی نوێ لە دانیشتنەکە کرایە دەرەوە.

Hawkar Yaseen  | 05.05.2021 - نوێکردنەوە : 05.05.2021
ئەندامێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە دانیشتنی پەرلەماندا کرایە دەرەوە

Arbil

هەولێر - AA

لە دانیشتنی ژمارە ١٢ی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستاندا، بەهۆی قسەکانی ئەندامێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ گرژی کەوتە نێوان جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ و بەهۆیەوە لە دانیشتنەکە کرایە دەرەوە.

ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کاوە عەبدولقادر لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا گوتی: "پێشتر لەسەر ئەوە قسەیان کردووە کە دەبێت بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان رەنگدانەوەی واقعی ئێستای خەڵک بێت، بەڵام بە فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەگوترێتەوە کە بۆچی ئەوەندە باسی ئەو بابەتە دەکەن".

جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هێمن هەورامی کە بەهۆی ئامادەنەبوونی سەرۆکی پەرلەمان لە دانیشتنەکەدا سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی دەکرد داوای لە کاوە عەبدولقادر کرد کە بەپێی خاڵی پەیڕەوی لە دانیشتنەکە قسە بکات و گوتی: "خاڵی پەیڕەوی بڵێ و ئاماژە بە خاڵی پەیڕەوی بکە، ئەوەی تۆ باسی دەکەی خاڵی پەیڕەوی نییە لەبەرئەوە خاڵی پەیڕەوی نەبێت وەریناگرم، بەپێی ماددەی ٥٧ ئاگادارت دەکەمەوە لە دەرەوەی خاڵی پەیڕەوی بۆت نییە گفتوگۆ بکەی".

بەهۆی بەردەوامی ئەندامەکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەسەر قسەکانی، هێمن هەورامی بڕیاریدا کاوە عەبدولقادر لە دانیشتنەکە بچێتە دەرەوە و رایگەیاند "بەپێی ماددەی ٥٧ بێبەش دەکرێی لە کۆبوونەوە و فەرموو بڕۆ دەرەوە".

دوای هاتنەدەرەوەی ئەندامەکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "من لە کۆبوونەوەکەدا باسم لەوەکرد ئەم دانیشتنەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان دەکرێت دەربڕی واقعی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان نییە، لە هەرێمی کوردستان دەیان کێشە هەیە، کێشەی مووچە و بوودجە، کێشەی لێبڕینی مووچە هەیە، زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان هەیە ئەگەر بەبێ لێبڕین مووچەیان پێبدرێت بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەبێت و بازاڕ دەبووژێتەوە و کاریگەری دەبێت لەسەر گیرفانی خەڵک".

گوتیشی: "بەداخەوە لە پەرلەمانی کوردستان هەرکات باسی مووچە و پارە و ژیانی خەڵکت کرد سەرۆکایەتی پەرلەمان مایکەکەت دادەخات بەوهۆیە گفتوگۆی توند لەنێوان من و سەرۆکایەتی پەرلەمان دروست بوو بەهۆیەوە بڕیاریدا من لە دانیشتنەکە بێبەش بکات، ئەو پێی وابوو کە من لە خاڵی پەیڕەوی لامداوە، بەڵام باسکردنی کێشەی خەڵک لای ئێمە خاڵی پەیڕەوییە".

کاوە عەبدولقادر راشیگەیاند "ئێمە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ بڕیارماندا بایکۆتی ئەو دانیشتنە بکەین، دانیشتنێک بۆ خەڵک نەبێت و لە پێناو گێڕانەوەی لێبڕینی مووچە نەبێت و دامەزراندنی هەلی کار و چارەسەرکردنی گرفتی هاووڵاتییان نەبێت دانیشتنەکە تەنیا بۆ کات کوشتنە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın