hemn husain
29 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2016
یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان لقی هەولێر بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزاییەتی لەوەی کە حکوومەت قەرزەکانییان پێناداتەوە و ئەو چەکی بانکانەشی کە حکوومەت بە بەڵێندەرانی داوە کاری پێناکرێت و ئەگەر بیانەوێت مامەڵەیەک بکەن دەبێت پارەی کاش بدەن، گردبوونەوەیەکییان لەبەردەم وەزارەتی دارایی و ئابووری ساز کرد.
ماوەی دوو ساڵە بەهۆی بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە و شەڕی داعش، هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانێکی دارایی بووەتەوە، بەو هۆیەشەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕە پارەیەکی زۆر قەرزاری بەڵیندەرانە و بەڵێندەرانیش داوای قەرزەکانییان دەکەنەوە.
نوێنەری بەڵیندەران، سەرۆ بەرزنجی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی دوو ساڵە پارەکانمان لەلای حکوومەتە هەموومان ئەوە دەزانین کە دوای هاتنی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ عێراق و بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی ناوەندەوە بارودۆخی هەرێمی کوردستان خراپ بووە و ئێمەش رەچاوی ئەوە دەکەین، بەڵام پارەیەکی زۆری بەڵێنەدەران لەلایەن حکوومەتە و داوا دەکەین پێش جەژن بڕە پارەیەک خەرج بکرێت چونکە کۆمپانیاکانیش کارمەندیان هەیە و پڕۆژەکانیش کرێکاریان هەیە و پێویستە مووچەیان پێ بدرێت".
سەرۆ بەرزنجی ئاماژەی بە بڕی ئەو پارەیە کرد کە وەکو قەرز لەلایەن حکوومەت ماوەتەوە و گوتی: "پێشتر پارەکە یەک ترلیۆن و 400 ملیار دینار بوو. حکوومەت بە سێ وەجبە هەندێک پارەی دا و ئێستا 800 ملیار دینار ماوە و دوای ئەوەیش چەکی بانکییان پێمان داوە کە هیچ مامەڵەیەکی پێ ناکرێت بۆیە دەبێت ئەو بەڵێننامانە هەڵوەشێننەوە کە پێشتر ئێمە بە حکوومەتمان داوە".
ئەو بەڵێندەرە نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە بەشێکی پڕۆژەکانییان تەواو کردووە کەچی حکوومەت پارەیان پێ نادات و ئاماژەشی بەوە کرد کە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەک پێویست وەڵامی بەڵێندەران ناداتەوە وگوتی: "بەر لەو قەیرانە بەپێی گرێبەستەکان ئێمە پڕۆژەکانمان تەواو دەکرد و حکوومەت پارەی پێمان دەدا، بەڵام ئێستا بەشێک لە پڕۆژەکانمان تەواویش بووە کەچی حکوومەت پارەمان پێ نادات، جگە لەوەیش چەند جارێک سەردانی وەزارەتی داراییمان کردووە، بەڵام بە بیانووی جیاجیا وەڵامێکی درووستمان دەست نەکەوتووە".
سەرۆ ئاماژە بەوەیش دەکات کە بەهۆی دواکەوتنی قەرزەکانییان لەلایەن حکوومەتەوە ئەوا هەندێک بەندی یاسایی دەستکاری کراوە و گوتی: "هەندێک بەندی ئاسایی هەبوو کە دەبوو بەڵێندەران قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام ئێستا دەستکاری ئەو بەندانە کراوە و بۆیە ئێمە ناتوانین هیچ سکاڵایەک بکەین".
گرفتێکی دیکەی بەڵێندەران ئەوەیە کە پێش قەیرانی دارایی زەمانیان لە بانک بۆ پڕۆژەکانیان داناوە و بۆ ھەرساڵێک بانک رێژەی لەسەدا سێ لە زەمانەکە دادەشکێنێت و لەگەڵ ئەوەی پڕۆژەکانیشیان وەستاوە لە کاتی داوا کردنەوەی پارەکەیان حکوومەت داوایان لێدەکات زەمانی بانک نوێ بکەنەوە و بەوەیش هەندێک لە پارەکەیان لەکیس دچێت.
لە کاتی گردبوونەوەکەدا ئەندامی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، فەرسەت سۆفی گەیشتە بەردەم وەزارەتی دارایی و ئابووری و لەگەڵ خۆپێشاندەران کۆبوویەوە و داوای لێکردن کە رێگای سەرەکی شەست مەتری بکەنەوە چونکە رێگایەکی گشتییە و بەڵێنی ئەوەی پێدان کە بەجددی کار لەسەر داواکارییەکەیان بکات و پشتگیری خۆی بۆ بەڵێندەران دووپاتکردووە و گوتی: "ئەوەی ئێوە دەیڵێن مافی خۆتانە و بەڵێنتان پێ دەدەم و پشتگیری داواکارییەکەتان دەکەم و ئێستاش لەگەڵ لایەنی پەیوەنددار قسە دەکەم".
دوای ئەوەیش بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی دارایی، مەنسووڕ سامی لەبەردەم کامێراکانی راگەیاندن گوتی: "لە ئێستادا بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێوە و لەکاتی گەڕانەویدا لەگەڵ ئێوەدا کۆدەبێتەوە".
یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە دامەزراوە و سێ ھەزار ئەندامی هەیە کە خاوەنی چوار ھەزار پڕۆژەن.