hemn husain
22 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2016
ئینیتستیوتی ریفۆڕم بۆ گەشەپێدان، کۆنفڕانسێکی لە شاری هەولێر ئەنجام دا لە ژێر ناونیشانی رۆڵی کۆمەڵی مەدەنی لە قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان.
تەوەرەکانی کۆنفڕانسەکە زیاتر لە چوارچێوەی پێشنیاز و تێبیینەکان بوو لەسەر هۆکاری درووستبوونی قەیرانەکانی سیاسیی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
لە تەوەرەکانی کۆنفڕانسەکەشدا باس لە قەیرانەکانی سیاسیی و پەککەوتنی پەرلەمان و پرسی دەستوور و پەیوەندییەکانی هەرێم و پرسی سەربەخۆیی و ریفراندۆم و پرسی یەکخستنی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی داواشیان کرد کە ئەوان بەشداری بکەن لە داڕشتنی نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و کاراکردنی بڕیاری ژمارە 5ی ساڵی 2013ی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پەیمانی هاوبەشی گەشەپێدان لە نێوان دەسەڵاتە گشتییەکان و رێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفڕانسەکەدا، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ئاماژەیان بەوە کرد کە بەرپرسیاریێتی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە لە ئەستۆی پەرلەمان و هێزە سیاسییەکانە و چارەسەرکردنیش بە رێککەوتنی سیاسیی و یاسایی دەبێت و پێویستە دووربێت لە ئاماژە و دەستەواژەی دووبەرەکی.
سەرۆکی لێژنەی کاروباری کۆمەڵی مەدەنی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەوان وەکو پەرلەمان هەڵسەنگاندنێکی باشیان بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی هەیە و پێیان وایە هەبوونی ئەو رێکخراوانە پێویستە.
سەرۆکی لێژنەی کاروباری کۆمەڵی مەدەنی لە پەرلەمانی کوردستان، سالار مەحموود لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەندێک هەڵسەنگاندنمان هەیە بۆ بەشێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێگا چارەسەرییەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بە هەند وەرناگرێت، بۆیە پێویستە دیدگای حکوومەت بگۆڕین بۆ پێگەی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی وەکو دەسەڵاتی پێنجەم بەپێی پێوەری نێودەوڵەتی".
سالار مەحموود پێی وایە کە پەککەوتنی پەرلەمان کاریگەری لەسەر زەمینەی کارکردنی رێکخراوەکان هەیە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەو قەیرانە یاساییەی بەسەر پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە، زەمینەی کارکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کەمکردووەتەوە، بۆیە دەبێت رێکخراوەکان خۆیان کۆبکەنەوە و فشاری مەدەنی دروست بکەن و پارێزگاری بکەن لەو یاسایانەی کە لە خزمەتی ئەواندا دەرچووە".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەیش دەکات کە لەماوەی رابردوودا پێشنیاز و تێبینییەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کاریگەری هەبووە لەسەر سەرکەوتنی یاساکانی پەرلەمان و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هەر کاتێک ئێمە لە پەرلەمان تێڕوانینی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییمان وەرگرتبێت لەسەر هەر یاسایەک، ئەوا ئەو یاسایە سەرکەوتوو بووە، بە پێچەوانەشەوە هەر کاتێک تێبینی و پێشنیازی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی وەرنەگیرابێت ئەوا ئەوا ئەو یاسایە زووتر پێویستی بە هەموارکردنەوە و پێداچوونەوە بووە".
سالار مەحموود گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە ئێمە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای رێکخراوە ناحکوومەییەکان کە ژمارە 18ی سەندیکا و کۆمەڵەکان لەبەردەستماندایە و کاری لەسەر دەکەین، لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەست دەکەین بە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە".
ئینیتستیوتی ریفۆڕم بۆ گەشەپێدان، دەزگایەکی ناحکوومییە و کار دەکات لە پێناو گەشەپێدان و دۆزینەوەی رێگاچارە بۆ قەیرانەکان لە رێگای کۆڕ و کۆنفڕانس بە هەماهەنگی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی.