Hemin Hüseyin
26 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2018
هەولێر - AA
لە شاری هەولێر، رێکخراوی پەرەپێدانی تواناکانی لاوان، کۆنفڕانسێکی ساز کرد کە هەریەک لە نوێنەری دادگا، یەکێتیی زانایان، دەستەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک لە توێژەر و مامۆستایانی زانکۆ بەشداربوون، تیشکخرایە سەر هۆکار و دەرەنجامەکانی تەڵاقدان کە ماوەیەکە بە پێی ئامار و داتاکان، ئەو حاڵەتە بەرەو ئاستێکی بەرز، زیادیکردووە.
لە کۆنفڕانسەکەدا بیروڕا سەبارەت بەم حاڵەتە خرایەڕوو کە بە گوتەی توێژەرانی بەشداربوو بەشی هەرە زۆری هۆکارەکان بۆ قەیرانی دارایی دەگەڕێتەوە و دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی رێژەی جیابوونەوە بەرزبووەتەوە.
توێژەرێکی کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆژە یاسایەکیان داوەتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بتوانن رێگری لەم حاڵەتە بکەن چونکە وەک ئەوان باسی لێوەدەکەن ئامارەکانی جیابوونەوە و تەڵاقدان مایەی دڵخۆشی نین.
توێژەی کۆمەڵایەتی، تەها ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەیەکە هەست بەوە دەکەین کە رێژەی تەڵاق و جیابوونەوە بەرەو زۆربوون دەچێت، خێزانەکان زیاتر بەرەو هەڵوەشانەوە دەچن، بۆیە پڕۆژە یاسایەک ئامادەکراوە و دراوەتە پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان وەریانگرتووە و هیوادارین کە کاری جددی لەسەر بکرێت".
تەها ئەحمەد گوتیشی: "ئامارەکان شتی دڵخۆشکەر نین، رێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لەناو توێژی رۆشبنیر زیاتر بووە، واتا لە سەنتەری شارەکان زیاترە و لە دێهاتەکان ئەم حاڵەتە کەمترە و لە شارێکی وەکوهەولێر کە پشکی شێری بەرکەوتووە رێژەکەی بەرزە بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی داد کە ئاماری حەفت ساڵی بڵاوکردووەتەوە لە ساڵی ٢٠١٠ تا مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ دەبینین بە کۆی گشتی، ٣٣١ هەزار و ٦٨٠ زەواج هەبووە و لەبەرامبەریشدا، ٤٦ هەزار و ٥٨٠ تەڵاق هەبووە".
بەشێک لە هۆکارەکان بۆ نەگونجان لەگەڵ یەکتر، ناپاکی هاوسەری، نەبوونی ماڵی جیا، تۆڕە کۆمەڵایتیەکان و هۆکاری ئابووری دەگەڕێتەوە
ئەو توێژەرە ئاماژەی بە هۆکارەکانیش کرد و گوتی: "ئەو ساڵانەی کە قەیرانی دارایی هەبووە، رێژەی تەڵاق زیاتر بووە و بەم پێیەش دەتوانین بابەتی ئابووری بە هۆکاری سەرەکی حاڵەتی تەڵاق بزانین".
بە پێی ئامارەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر لە ساڵی ٢٠١٧دا، ١١هەزار و ٣٦٩ خێزان پێکهێنراون، هەروەها دوو هەزار و ٢٢٦ خێزانیش لێکهەڵوەشاون.