Hemin Hüseyin
24 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2017
هەولێر - AA
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، جگە لەوەی سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەوا تەمەنی پەرلەمانی کوردستانیش درێژکرایەوە
بە پێی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، خاڵی یەکەم بریتیی بوو لە هەڵبژاردنی سکرتێری هەمیشەیی پەرلەمان و لەم چوارچێوەیەشدا لە کۆی ٧١ پەرلەمانتاری ئامادەبوو بە ٥٩ دەنگ، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی سەوز بە سکرتێری هەمیشەیی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
خاڵی دووەمی بەرنامەی کاریش تایبەت بوو بە جێگرتنەوە و سوێندخواردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار لە شوێنی ژمارەی ئەندامانی دەستلەکارکێشاوە.
خاڵی سێیەم و کۆتایی بەرنامەی کاریش بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژە یاسای بەردەوامبوونی خولی ھەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان.
لە دانیشتنەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەعفەر ئیمینکی پێشنیازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی بە شێوەیەکی داخراو بۆ پەرلەمانتاران خستەڕوو، بە زۆرینەی دەنگ پێشنیازەکە پەسندکرا و دانیشتنەکە بە شێوەیەکی داخراو بەڕێوەچوو.
سەبارەت بە پڕۆژەی بەردەوامبوونی خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، بە ٦٠ دەنگ لە کۆی ٧١ پەرلەمانتار بڕیاردرا ماوەی کارکردنی پەرلەمان بۆ دوو خولی گرێدانی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە و بەم پێیەش تەمەنی پەرلەمان هەشت مانگ درێژکرایەوە.
سەرۆکی لیستی هەولێری تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، ماجد بازرگان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "وەک دەزانین باری سیاسیی هەرێمی کوردستان ناجێگیرە و کۆمسیۆن وەک پێویست ئامادەکاری نەکردبوو بۆ هەڵبژاردن بۆیە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بڕیارماندا کە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو خول کە دەکاتە هەشت مانگە درێژ بکەینەوە ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەین".
پەرلەمانتارێکی فڕاکسیۆنی زەرد، پێی وایە ئەمە ئەوان لە چوارچێوەیەکی یاساییدا کارەکانییان بەڕێوەبردووە و ئاماژەیشی بەوە کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی زەرد، فرسەت سۆفی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی :"بە پێی یاسا مادام پەرلەمانی کوردستان یاسای دەرکردووە، دەشتوانێت یاسا هەموار بکاتەوە چونکە ئەگەر ئەو هەموارکردنەوە نەبوایە ئەوا دەکەوتینە بۆشایی یاسایی، سەبارەت بە حکوومەتی هەرێمیش ئەوا هەروەکو خۆی دەمێنێتەوە تا پەرلەمان ماوەی درێژکراوەی خۆی تەواو دەکات".
بڕیاربوو لە ١ی ١١ی ئەمساڵ هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بە هۆی تەواونەکردنی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنەکان، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ تەمەنی یاسایی خۆی بۆ دوو خول درێژکردەوە.