Hemin Hüseyin
18 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2017
هەولێر-AA
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەعفەر ئیمینکی و شاندێکی یاوەری سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریان کرد و لە لایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، عەلی رەشید و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەن پێشوازیان لێکرا و دیدارێکیان ئەنجام دا.
لەدوای دیدارەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەریەک لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەعفەر ئیمینکی و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، عەلی رەشید وەڵامی میدیاکارانییان دایەوە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەعفەر ئیمینکی گوتی: "دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی، دەبینین رۆژانە کێشەیەکی زۆر رووبەڕووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێتەوە بە تایبەت پارێزگای هەولێر چونکە ئەنجوومەنی پایتەختە و لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێزانی ئەنجوومەن بەردەوام بوون لە کاروچالاکییەکانییان و ئێمەش دڵخۆشین کە بە گیانی نیشتمانپەروەرانە ئیش و کارەکانییان ئەنجام دەدەن و بە دڵنیاییەوە هەموومان خوازیاری ئەوەین کە بارودۆخی سیاسیی بکەوێتە دۆخی جاران و پەرلەمان کارا بکرێتەوە و قەیرانی دارایی کۆتایی پێبێت و دڵنیاین کە ئایندەیەکی باشمان لە پێشە".
لە ماوەی رابردوودا ئەنجوومەنی پارێزگاری هەولێر پڕۆژەیەکی پێشکەشی وەزارەتی دارایی کرد سەبارەت بە دەستکاریکردنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە و سەبارەت بە ئەنجامی ئەو پڕۆژەیەش سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، عەلی رەشید گوتی: "پڕۆژەکەمان ئارستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد و دواتر وەزارەتی دارایی ئاماژەی بە چەند خاڵێک کردبوو کە وەڵامی هەموو خاڵەکانمان دایەوە، بەڵام وەڵامی وەزارەتی دارایی لە ئاستی پێویست نەبوو و خودی ناوەرۆکی کاری پڕۆژەکە ئەرکی وەزارەتی دارایی بووە کە بە داخەوە کارێکی ئەوتۆی لەسەر نەکرابوو هەروەها وەڵامەکانییان لە ئاستی پێویستدا نەبوو".
هەر سەبارەت بەم بابەتەش، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەعفەر ئیمینکی گوتی: "پاشەکەوت پێویستییەکی نیشتمانیی بوو، بەڵام ئەو پێویستییە نیشتمانییە سەرتاسەری بوو پەیوەست نەبوو بە هیچ هاووڵاتییەک و لە لایەن پسپۆڕانەوە کاری لەسەرکرابوو، لەگەڵ ئەوەشدا پشوودرێژیی فەرمانبەران جێگای رێزە لە لای ئێمە و ئاماژەکەش ئەوە بە ئێمە دەڵێت کە بەڵی کاتی ئەوە هاتووە پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوت بکرێت".
ئەگەرچی لەلای زۆربەی لایەنە سیاسییەکان، پرسی ریفراندۆم گرێدراوە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش بە دوو بابەتی جیاواز باسی پڕۆسەکان دەکات و پێی وایە دەبێت رێککەوتنێکی تازە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا بکرێت و لەمبارەیەوە جەعفەر ئیمینکی گوتی: "دوو پرسی گرنگ هەیە کە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم کە هەردووکیان دەبێت بە پەلە کاری لەسەر بکرێت، هەرچەندە پێشتر رێککەوتنێک هەبوو لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ، بەڵام لە ١٢/١٠/٢٠١٥ ئەو رێککەوتننامەیە هەڵوەشایەوە، بۆیە پێویستە رێککەوتنێکی دیکە بکرێت لەسەر بناغەی ئەوەی کە چۆن پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە. هەروەها پرسی ریفراندۆم بابەتێکی دیکەیە کە پەیوەست نییە بە پەرلەمان، خۆشبەختانە کۆمسیۆنی باڵا ئێستا کارایە و ئامادەیە، تەنیا پلان دانەنراوە و ئەویش چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە رۆژەکە دیاری بکرێت بۆ ئەوەی دەست بەکارەکانی بکات و بە پێی بڕگەی ٣ لە ماددەی ١٠، دیاریکردنی ئەو رۆژە لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە".
دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەلیم جبووری لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دژی ھیچ دەستکەوتێک نین کە لە دەستووردا ھاتووە، بەڵام لە ھەمان کاتدا بەرژەوەندی باڵای وڵات و یەکپارچەیی لە حیساباتی خۆمان دادەنێین و بەرامبەر ھەر پرۆژەیەکی نەشاز دەوەستینەوە کە دەست بۆ نیشتمان ببات، بە ھەموو ھێزیشمانەوە بەرگریی لەوە دەکەین".
لەبەرامبەر ئەوەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەعفەر ئیمینکی گوتی: "خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ریفراندۆمێکی ئازاد دا وەڵامی دەدەنەوە و بۆ ئەمە گەل بڕیار دەدات نەک کەسێکی دیکە".