Hemin Hüseyin
09 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2017
هەولێر-AA
پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بووەتە بابەتێکی گەرمی سیاسیی و بۆچوونی جیاواز ھەیە لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە. بەشێک لە ھێز و لایەنە سیاسییەکان پێیان وایە کاراکردنەوەی پەرلەمان شەرعییەتی زیاتر دەداتە ئەنجامی پڕۆسەکە و بەشێکیش پێیان وایە کە کارانەکردنەوەی پەرلەمان نابێتە رێگر بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٢٢ ملیار دیناری تەرخانکردووە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لەم بڕە پارەیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم تەرخان کراوە و گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستانیش رایدەگەیەنێت کە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم تەرخان کراوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەعفەر ئیمینکی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕی ٢٢ ملیار دینار تەرخان کراوە بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، سەبارەت بەوەی کە بۆ چ بابەتێک تەرخان کراوە ئەوا جارێ دیارینەکراوە کەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت بەڵام پڕۆسەی ریفراندۆم باسکراوە و ئەم بڕە پارەیە بەشێکی بۆ ئەم بابەتە تەرخان کراوە".
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان لەیەکترەوە نزیک بوونەتەوە بۆ ئەنجامدانی پرسی ریفراندۆم و لەمبارەیەوە گوتی: "هەوڵەکان باش بەڕێوەدەچن و ئامادەکارییەکان لە رووی سیاسییەوە باشن بەڵام پێکهێنانی ئەو کۆمیتەیە ماوە کە بڕیارە لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان دروست بکرێت و دروستکردنی ئەو کۆمیتەیە خاڵێکی گرنگە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێش چەند رۆژێک گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان شێروان زرار لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستان، ئەوا خەریکی ئامادەکارییەکانین و بڕی ٢٢ ملیار دینارمان بۆ تەرخان کراوە بۆ ھەردوو پڕۆسەکە، کە بڕیارە پێش ٦ی مانگی ١١ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت".
پێشتر شاندێکی ھاوبەش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی ھێز و لایەنە سیاسییەکانیی ھەرێمی کوردستانیان کرد و بە شێوەیەکی فەرمیی تاوتوێی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان کرد و دواتریش و بۆ ھەمان مەبەست شاندیکی دیکەی ھەردوو حزب سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان کۆبووەوە.