Ahmet Furkan Mercan
06 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2022
تۆکیۆ - AA
وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن و سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور، ئەوەیان ئاشکرا کرد کە کۆریای باکوور، دوو مووشەکی بالیستیی ئاراستەی دەریای ژاپۆن (دەریای رۆژهەڵات)، کردووە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور، ئەوەی ئاشکرا کرد کە دوو مووشەکەکە، نزیکمەودا بوون و لە ناوچەی سامسۆکی نزیک پیۆنگیانگەوە لە کاتژمێر ٠٦:٠١ و ٠٦:٢٣ (بە کاتی ناوخۆیی نیوەدوورگەی کۆریا)، تەقێندراون.
وەزیری بەرگریی ژاپۆن، یاسوکازو هامادا ئەوەی خستەڕوو کە یەکێک لە مووشەکەکان تا بەرزی ٣٥٠ و ئەوی دیکەیان تا بەرزی ٨٠٠ کیلۆمەتر، بەرز بوونەتەوە و لە دەرەوەی ناوچەی ئابووریی ژاپۆن کەوتوونەتە خوار.
هامادا، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هیچ زیانێک بەر کەشتی و فڕۆکەکانی وڵاتەکەی لە دەریای ژاپۆن، نەکەوتووە و حکوومەتی تۆکیۆش ناڕەزایینامەیەکی دەربارەی هەڵدانی مووشەکەکان ئاراستەی کۆریای باکوور کردووە.
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، فومیۆ کیشیدا ئیدانەی تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی کرد و رایگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی حکوومەتی پیۆنگیانگ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەمەش بە هیچ شێوەیەک مایەی قبوڵ نییە".
هەروەها نوێنەری هەمیشەیی ژاپۆن لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیشیکانێ کیمیهیرۆ ئەوەی ئاشکرا کرد کە کۆریای باکوور "سوودی لە بێهەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەرگرتووە".
ئەوەی جێگای سەرنجیشە هەڵدانی دوایین مووشەکی کۆریای باکوور دوابەدوای ئەوە دەێت کە ئەمریکا کەشتییەکی جەنگیی خۆی بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی هاوبەش لەگەڵ کۆریای باشوور لە دەریای ژاپۆندا، جێگیر کردووە.
کۆریای باکوور لە ماوەی ١٢ رۆژی رابردوودا، شەش تاقیکردنەوەی مووشەکی ئەنجامداوە. لە چواری تشرینی یەکەمیشدا، بۆ جاری یەکەم لە دوای ساڵی ٢٠١٧وە، مووشەکێکی بالیستیی ئاراستەی باکووری رۆژهەڵاتی ژاپۆن کرد و مووشەکەکە کەوتە ناو زەریای ئارامەوە.
لە بەرامبەر مەترسی مووشەکەکەی کۆریای باکوور کە توانای بەرزبوونەوەی هەزار کیلۆمەتر و بڕینی مەودای چوار هەزار و ٦٠٠ کیلۆمەتری هەبوو، ژاپۆن داوای لە هاووڵاتییانی کردبوو لەو ناوچەیەی مووشەکەکە بەسەریدا تێدەپەڕێت، لەناو بیناکان نەیەنە دەرەوە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا، حکوومەتی پیۆنگیانگ بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات و نزیکەی ٢٠ تاقیکردنەوەی مووشەکیی مەودا جیاوازی ئەنجامداوە.