Sangar Hamad Azeez
11 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2016
جۆن كیری كە بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی 'G7' لە ژاپۆنە، لە ٧٠هەمین ساڵیادی هێرشكردنە سەرشاری هیرۆشیما بە بۆمبی ئەتۆمی سەردانی ئەو شارەی كرد.
لە میانی سەردانەكەی بۆ شاری هیرۆشیما، كیری چووە مۆنۆمێنتی ئاشتی لە شارەكە و و تێیدا لە پەڕاوی یادگارییەكان لە مۆنۆمێنتەكە نووسی كە دەبێت تەواوی جیهان ئەو رووداوە بزانن و هەست بە هێزەكەی بكەن.
كیری گوتی: "ئەم مۆنۆمێنتە تەنیا بۆ كۆتاییهێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمی نییە، لە هەمان كاتدا ئەوەمان بەبیر دەهێنێتەوە كە دەبێت لەهەموو جەنگێك خۆمان بەدووربخەین، هەرگیز جەنگ چارەسەری یەكەم نییە، جەنگ دواین چارەسەری گرفتەكانە".
كیری لە پەڕاوی یادگارییەكانی مۆنۆمێنتەكە ئەوەشی نووسیوە كە ئەم مۆنۆمینتە بۆ ئەوەیە هەموومان هەوڵ بۆ ئاشتی بدەین و بە هەوڵەكانمان جیهان لە نەهامەتییەكان رزگار بكەین.
جۆن كیری گەورەترین كەسایەتی سیاسی ئەمریكایە كە لە دوای رووداوەكەی هیرۆشیما لە ساڵی ١٩٤٥وە سەردانی مۆنۆمێنتەكەی كردبێت.
لە میانی جەنگی جیهانی دووەمدا لە ساڵی ١٩٤٥، بە هۆی خۆڕاگری و كۆڵنەدانی جەنگاوەرە ژاپۆنییەكان و خۆبەدەستەوە نەدانیان كە ببووە هۆی كەوتنەوەی زیانی گیانی لە ریزی سەربازە ئەمریكییەكاندا، لەبەر ئەوە ئەمریكا ویستی پەیامێك بنێرێت بۆ شكاندنی ئەم كۆڵنەدانە و پەیامە ئەمریكییەكەش بریتی بوو لە بۆمبی هیرۆشیما و بەڵام ژاپۆنییەكان چۆكیان دانەدا تا دوای بۆمبی ناكازاكی، پاشان ژاپۆن ناچار بوو بێ مەرج مل كەچ بكات.
بەهۆی هێرشەكەوە نزیكەی ٨٠ هەزار هاووڵاتی شارەكە گیانیان لەدەست داو و نزیكەی ٩٠ هەزاری دیكەش بریندار بوون ئەمە جگە لەوەی كە بەهۆی وێرانبوونی لە سەدا ٩٠ی شارەكە بە سەدان هەزار كەس بێ ماڵ و حاڵ مانەوە.