Başak Erkalan Köprübaşılı
09 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2026
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاڵپارسڵان بایراکتار لە بەغدا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، باسم محەمەد خوزەیر کۆبووەوە.
لە پۆستێکیدا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، بایراکتار ئاماژەی بەوە کرد کۆبوونەوەیەکی بەرھەمداریان لەگەڵ خوزەیر ئەنجام داوە و، ڕایگەیاند: "ھەڵسەنگاندنمان بۆ تەوەرەکانی ئەو ھاریکارییانە کرد کە دەتوانین لە بوارەکانی نەوت و غازی سروشتیدا پەرەیان پێبدەین، بەتایبەت ھێڵی بۆری نەوتی خاوی عێراق-تورکیا".
بایراکتار باسی لەوە کرد کە بەکارھێنانی ژێرخانی ئێستا بە کاریگەرترین شێوە و پشتیوانی کردنی بە ھێڵە نوێیەکان، بنەمای دیدگای ھاوبەشمان لە بواری وزەدا پێکدەھێنێت و، گوتی: "لەسەر بنەمای ئەم دیدگایە بەردەوامین لە کارەکانمان بەو ئامانجەی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان تەنیا وەک ڕێڕەوێکی بازرگانیی و گواستنەوە نەبێت، بەڵکو لە ھەمان کاتدا بگۆڕدرێت بۆ ھێڵێکی ھەرێمیی وزە. گرنگیی زۆر بە ھەنگاونان بە تێگەیشتنێکی ھاوبەش و ھاریکاریی نزیک لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراقدا دەدەین . لەم چوارچێوەیەشدا باوەڕمان وایە ئەو ھەنگاوە بەرجەستانەی دەنرێن، ھاوبەشی ھەردوو وڵات دەگەیەننە ئاستێکی بەرزتر".