ئهنتاڵیا
ساڤاكۆ نیشیمورا، دوای ئەوەی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا هونەری نەخشاندنی قوماشی بەدەست بینیوە، بڕیاریداوە فێری ئەو هونەرە ببێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە وڵاتی ژاپۆنەوە روودەكاتە شاری ئەنتاڵیای توركیا و بەشداری لەو خولانەدا دەكات كە لەلایەن گەورە شارەوانی شارەكەوە كراونەتەوە.
ساڤاكۆ نیشیمورای ژاپۆنی 39 ساڵ كە خوێندكارێكی نایابی خولەكانی پەروەردەی هونەر و پیشەوەری ئەنتاڵیایە، لە زانكۆی ئۆساكا ئۆنگاكوی ژاپۆن بەشی میوزیكی تەواو كردووە، كاتێ لە دووری نۆ هەزار كیلۆمەتر لە وڵاتەكەی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا هونەری نەخشاندنی سەر قوماشی بەدەستی بینیوە بڕیاریداوە فێری ئەو هونەرە بێت.
نیشیمورا، كە بۆ ماوەیەك لە ژاپۆن هەوڵیداوە بەپێی توانای خۆی فێری نەخشاندن بێت لەسەر قوماش، بەڵام كاتێ نەیتوانیوە بە تەواوەتی سەركەوتوو بێت بڕیاریداوە سەردانی توركیا بكات.
نیشیمورا پێش ساڵ و نیوێك چووەتە شاری ئەنتاڵیای توركیا و سێ رۆژ لە هەفتەیەكدا بەشداری لەو خولانەدا دەكات كە لەلایەن ژنانی توركیاوە لە خولەكانی پەروەردەی هونەر و پیشەوەری ئەنتاڵیایە دەوترێنەوە.
لە لێدوانێكیدا بۆ ئانادۆلو، نیشیمورا گوتی: "ژاپۆن خاوەنی سەرچاوەی پێویست نییە بۆ فێربوونی هونەری نەخشاندن لەسەر قوماش بەدەست، لەبەرئەوە بڕیارمداوە سەردانی شاری ئەنتاڵیای توركیا بكەم بۆ فێربوونی ئەو هونەرە. چونكە زانیارم هەبوو كە لێرە خولی فێربوون دەكرێتەوە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت فێری ئەو هونەرەبن".
هاوكات نیشیمورا ئەوەشی خستەڕوو كە هونەری نەخشاندن لەسەر قوماش بەدەست هونەرێكی دەستیە و بەتێپەربوونی كات لەناوبچێت و گوتی: "ئەم هونەرە زۆر قورسە، بەڵام بەخواستی زۆری خۆم فێری دەبم. پاشان كە گەڕامەوە بۆ ژاپۆن دەمەوێت ئەم هونەرە فێری ژنانی وڵاتەكەم بكەم و هەوڵ دەدەم ئەم هونەرە بە زیندوویی بهێڵمەوە.
ئەو هاووڵاتییە ژاپۆنیە سوپاسی هاوڕێیانی خولەكەی كرد كە گرنگی پێدەدەن و گوتی: "هاو خولەكانم هاوكاریم دەكەن، لەبەرئەوە تووشی ناڕەحەتی نەبووم لە فێربوونی ئەم هونەرەدا".
نیشیمورا باسیشی لەوە كرد، كە ژنانێكی زۆر لە ژاپۆن دەخوازن بێنە توركیا بۆ فێربوونی ئەم هونەرە و گوتی: "ئەگەر سیستمێكی رێك و پێكی فێركردن بڕەخسیت دڵنیام كە ئەو ژمارەیە زیاد دەكات. چونكە ژمارەیەكی زۆری ژنانی ژاپۆن هەوڵ دەدەن فێری هونەری دەستی توركیا ببن".