کاردانەوەی حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی لەبارەی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، ھەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، ھەروەھا دەبێتە مایەی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە.

Arbil
ھەولێر ــ AA
ئەو ھێرشەی کە دوێنێ سێشەممە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە دۆحە کرایە سەر قەتەر، کاردانەوەی حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی بەدوای خۆیدا ھێنا.
لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر بە ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە قەڵەمدا و ڕایگەیاند کە ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، دەبێتە مایەی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی وێرای سەرکۆنەکردنی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ قەتەر ڕاشیگەیاندووە کە ھێرشەکە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری قەتەر، ھەروەھا پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، محەمەد شیاع سوودانی، ھێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر قەتەر، بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار لەقەڵەمداوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھێرشەکە، ھەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکات، ھەروەھا دەبێتە مایەی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە.
ھەر لەوبارەیەوە ئەمینداری گشتی گرووپی "سەید شوھەدا"سەربە حەشدی شەعبی، ئەبو ئالا ئەلوەلائی ڕایگەیاند: "ترەمپ بۆ چەندین جار لەگەڵ قەوارەی زایۆنی پیلانگیری داناوە بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی ئێران لە تاران سەر سەرکردەکانی حەماس لە دۆحە و دواتر ڕایگەیاندووە کە لەو ھێرشانە بێ ئاگابووە".
ئەبو ئالا ئەلوەلائی ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ھێرشەکەی دوێنێ سێشەممەی ئیسرائیل بۆسەر سەرکردەکانی حەماس لە دۆحە بڵاوکردەوە و ھاتووە: "ترەمپ بۆ چەندین جار لەگەڵ قەوارەی زایۆنی پیلانگیری داناوە بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی ئێران لە تاران و سەرکردەکانی حەماس لە دۆحە و دواتر بە درۆ ڕایگەیاندووە کە لەو ھێرشانە بێ ئاگابووە".
دوێنێ سێشەممە، قەتەر ڕایگەیاند کە ئیسرائیل ھێرشێکی ترسنۆکانەی بۆ سەر دۆحە ئەنجامداوە کە لە میانیدا چەند شوێنێکی نیشتەجێبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حەماس لە دۆحە کردووەتە ئامانج.
- دۆناڵد ترەمپ: "کاتی پێویستمان نەبوو تاکو ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر بوەستێنین"
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ ھێرشکردنە سەر قەتەر لە دەستی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو بووە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان کاتی پێویستیان نەبوو، تاکو ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر بوەستێنین.
دۆناڵد ترەمپ لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "Truth Social، نووسیوویەتی: "بۆردومانکردنی قەتەر کە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و ھاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە بەشێوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن ئیسرائیلەوە، خزمەت بە ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ناکات".
ڕاشیگەیاندووە بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ ھێرشکردنە سەر قەتەر لە دەستی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو بووە.
ھەروەھا نووسیوویەتی: "ئێمە کاتی پێویستیمان نەبوو، تاکو ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر بوەستێنین.
ڕاشیگەیاندووە کە ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، ڕووداوێکی ناخۆشە و میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی و سەرۆکوەزیرانی قەتەر، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی دڵنیاکردەوە کە ھێرشێکی لەو شێوەیە "لە سەر خاکی ئەوان دووبارە نابێتەوە".
باسی لەوەش کردووە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕۆبیۆی ڕاسپاردووە کە ڕێککەوتنی ھاریکاریی لە بواری بەرگرییدا لەگەڵ قەتەر واژوو بکات.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن