جيهان

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەولەتیی ھێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دۆحە تاوتوێ کرد

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدا کە لە میانیدا ئەو ھێرشەی کە ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر دۆحە تاوتوێ کرد.

Mohammed Hamood Ali Al Ragawi, Murat Başoğlu, Abbas Mimouni, Laith Al-jnaidi  | 12.09.2025 - نوێکردنەوە : 12.09.2025
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەولەتیی ھێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دۆحە تاوتوێ کرد

Istanbul

ئیستانبوڵ ــ AA

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدا کە لە میانیدا ئەو ھێرشەی کە ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر دۆحە تاوتوێ کرد.

شەوی ڕابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەولەتی لەسەر داوای جەزائیر و بە پاڵپشتی سۆماڵ، پاکستان و بەریتانیا دانیشتنێکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی ھێرشەکەی ڕۆژی ٩ی ئەم مانگەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە، ئەنجامدا کە ھەریەک لە سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی و وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی تیایدا بەشداربوون.

لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا، بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسیی، رۆسیماری دیکارلۆ ڕایگەیاند کە ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە "جیھانی تووشی شۆک کرد و گرژییەکی جددی و نیگەرانی دروستکرد.

نوێنەری جەزائیر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، عەممار جامع لە میانی دانیشتنەکەدا ڕایگەیاند: "ھێرشەکە کردە سەرکێشەکانی ئیسرائیلی توندئاژۆ زیاد کردووە، چونکە ئیسرائیل بڕوایان وایە دەتوانێت لە سزا دەرباز بێت".

عەممار جامع ھێرشەکەی بە سووکایەتیکردن بە دیپلۆماسی و کردەیەکی مەترسیدار و نایاسایی دژبە قەتەر لەقەڵەمدا و ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامدانی ھێرشەکە، ئەوەی سەلماند کە داگیرکار (ئیسرائیل)، ئاشتی ناوێت.

ھۆشداری ئەوەشی دا کە بێدەنگی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرامبەر ھێرشەکانی ئیسرائیل گرژی و ئاڵۆزی دروست دەکات و گوتی: "ئایا کەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرپەرچی داگیرکار دەداتەوە و تاوانەکانی ڕادەگرێت؟".

ھەروەھا نوێنەری جەزائیر ھێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دۆحە سەرکۆنە کرد و داواشی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کە ڕێوشوێنی توند بەرامبەر بە ئیسرائیل بگرێتەبەر.

ھەر لەوبارەیەوە نوێنەری پاکستان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، عاسم ئیفتیخار دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر ئیستیفزازێکی گەورەیەو ھەروەھا بووەتە مایەی ھەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.

ھەروەھا نوێنەری سۆماڵ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەبو بەکر تاھیر عوسمان لە میانی دانیشتنەکەدا ڕایگەیاند کە ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر ڕێکەوت نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە ستراتیجی ئەنقەستی توندوتیژی.

ھاوکات نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دۆرۆتی شیا ڕایگەیاند: "بۆردومانەکەی سەر دەوحە کە شانبەشانی ئێمە کار دەکات بۆ گەیشتن بە ئاشتی، ئامانجەکانی ئیسرائیل بەدی ناھێنێت و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دڵنیایی بە ئەمیری قەتەر داوە کە ئەو ھێرشە دووبارە نابێتەوە".

ھەروەھا نوێنەری ڕووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ڤاسیلی نێبێنزیا ھێرشەکەی سەر دۆحە، ھیچ پاساوێک ھەڵنگرێت، بەتایبەتیش کە قەتەر ڕۆڵێکی ئەرێنی دەگێرێت بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە.

ھەر لەوبارەیەوە نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، باربارا ودوارد ڕایگەیاند کە ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە، پێشێڵکردنی سەروەریی قەتەرە و ڕیگەیاند کە بەریتانیا پاڵپشتی تەواو لە قەتەر دەکات.

نوێنەری فەڕەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ژیرۆم بونافۆ لە میانی دانیشتنەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی قەتەر قبوڵکراو نییە و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە.

گوتیشی: "ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە لە کاتێکدا ئەنجامدراوە کە قەتەر میوانداری گفتوگۆیەکی گرنگی دەکرد بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە".

ھاوکات نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دانی دانۆن لە میانی دانیشتنەکەدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئیسرائیل لەگەڵ خەڵکی غەززە و دەوڵەتی قەتەر شەڕ ناکات، بەڵکو لەگەڵ حەماس شەڕ دەکات.

ھەروەھا گوتی: "ئیسرائیل ڕەزامەندی لەسەر پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ نیشانداوە بۆ کۆتاییھێنان بەشەڕی غەززە، بەڵام حەماس پێشنیازەکەی ڕەت کردووەتەوە".

بانگەشەی ئەوەشی کرد کە تاک ئامانج لە ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە، تەنھا سەرکردەکانی حەماس بوون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın