چین ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر شاندی دانوستانکاری حەماس کرد لە قەتەر
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لین: "بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیل دەکەین کە سەروەری خاک و ئاسایشی نەتەوەیی قەتەر پێشێل دەکات".

Beijing
پەکین - AA
چین ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیل کرد بۆ سەر شاندی دانوستانکاری حەماس لە قەتەر.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لین جیەن لە کۆنگرەی ئاسایی ڕۆژنامەوانیدا لە پەکینی پایتەختی چین، ئاماژەی بەوە کرد نیگەرانن لە ئەگەری هەڵکشانی گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی هێرشەکەوە.
لین ڕایگەیاند: "بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیل دەکەین کە سەروەری خاک و ئاسایشی نەتەوەیی قەتەر پێشێل دەکات".
لین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەکارهێنانی هێز لە کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاشتیی بەدیناهێنێت، بەڵکو دیالۆگ و دانوستان ڕێگای سەرەکین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
"دژی هەموو هەوڵەکانی ئیسرائیلین بۆ پەکخستنی دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە بە ئەنقەست'' لین وای گوت و، داوای لە ئیسرائیل کرد لەبری پەرەسەندنی گرژییەکان، بەردەوام بێت لە دانوستانەکان و هەوڵی ئەرێنیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل پێش هێرشەکە ئەمریکای ئاگادارکردووەتەوە، لین بەبێ ناوهێنان ڕەخنەی لە ئەمریکا گرت و، ڕایگەیاند: "یەکێک لە هۆکارەکانی (ئەم هێرشە) هەڵوێستی زۆر ناهاوسەنگی وڵاتێکی دەرەوەی ناوچەکەیە لە کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".
دوێنێ ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر بینایەکی دەوحەی پایتەختی قەتەر کە شاندی دانوستانکاری حەماسی تێدابوو.