لە پەرلەمانی ژاپۆن داوا دەکرێت حکوومەتی ئەو وڵاتە دان بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا بنێت
پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی ژاپۆن، ئابێ تۆمۆکۆ: "ئێمە ئەم پرسە (دان پێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین)، بە جیددی وەردەگرین، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی کۆکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی واژوو پەرلەمانتاران".

Ankara
ئەنقەرە ــ AA
٢٠٦ ئەندام لە پەرلەمانی ژاپۆن نامەیەکیان واژوو کرد و پێشکەشی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان، تاکیشی ئیوایا کردوو و تیایدا داوا دەکەن کە حکوومەتی ژاپۆن دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا، بنێت.
ئاژانسی ھەواڵیی ژاپۆن "Kyodo" بڵاوی کردەوە کە سێ ئەندام لە پەرلەمانی ژاپۆن لەنێویاندا ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی دەستووری (پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی ژاپۆن)، ئابێ تۆمۆکۆ نامەیەکی واژووکراویان پێشکەشی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان، تاکیشی ئیوایا کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە نامەکە، لەلایەن ٢٠٦ ئەندام لە پەرلەمانی ژاپۆن واژووکراوە و تیایدا داوا کراوە کە حکوومەتی ژاپۆن دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا، بنێت.
ھاوکات ئابێ تۆمۆکۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ تاکیشی ئیوایا گوتی: "ئیسرائیل نیازی نییە ئاگربەست قبوڵ بکات، ھەروەھا کەس ناتوانێت برسێتی منداڵان لە غەززە پشتگوێ بخات".
گوتیشی: "ئێمە ئەم پرسە (دان پێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین)، بە جیددی وەردەگرین، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی کۆکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی واژوو پەرلەمانتاران".
پێشتر ژمارەیەک وڵات وەک فەڕەنسا، بەریتانیا، کەنەدا و ئوسترالیا ڕایانگەیاندبوو کە لە میانی ئەم مانگەدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن.