لە گفتوگۆکانی غەززەدا کە سەرۆکی میت کاڵن بەشدار بوو بنەماکانی کاری هێزی ڕاسپێردراو تاوتوێ کرا کە تورکیاشی تێدایە
تورکیا هەردەمی بەرگریی لەو بنەمایە کرد کە غەززە لەلایەن خەڵکی غەززەوە بەڕێوە ببرێت.

Ankara
ئەنقەرە - AA
لە گفتوگۆکانی ئاگربەست لە غەززەدا کە تیایدا سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانیی (میت)، ئیبراھیم کاڵن نوێنەرایەتی تورکیای دەکرد، دانوستان لە بارەی بنەماکانی کاری ئەو هێزەی ڕاسپێردراوە کرا، کە تورکیاشی تێدایە.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستکەوتووە، سەرۆکی میت کاڵن، بۆ گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە حەوتی تشرینی یەکەمدا سەردانی میسری کرد و، سەرەتا لەگەڵ موخاتەبە میسرییەکان کۆبووەوە.
کاڵن لە ڕۆژی هەشتی تشرینی یەکەمدا لە میسر بەشداری لەو کۆبوونەوانەدا کرد کە سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی و سەرۆکی ھەواڵگریی میسر، حەسەن مەحموود ڕەشاد و وەزیری کاروباری ستراتیجی ئیسرائیل، ڕۆن دەرمەر و نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ستیڤ ویتکۆف و زاوا و ڕاوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، جارید کوشنەر بەشداربوون.
لەو کۆبوونەوانەدا کە ئیبراهیم کاڵن بەشدار بوو کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ شاندی حەماس ھەیە، بابەتەکانی دەستەبەرکردنی ئاگربەست، ئاڵوگۆڕکردنی دیلە زیندوو و مردووەکان، زیادکردنی ئەو هاوکاریانەی ڕەوانەی غەززە دەکرێن بۆ ڕێژەیەکی پێویست و ھەنگاو بە ھەنگاو کۆتاییھێنان بە داگیرکاری ئیسرائیل لە غەززە بابەتی سەرەکی دانوستانەکان بوو.
لایەنی تورکی بەرگریی لەو بنەمایە کرد کە غەززە لەلایەن خەڵکی غەززەوە بەڕێوە ببرێت.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئەوەیان ڕاگەیاند کە بەرپرسانی فەڵەستینی چەندین جار سوپاسی سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و تورکیایان کردووە بۆ ئەو هاوکاری و ڕۆڵەی ھەیانبووە لە گەیشتن بە ئاگربەست.