"سوپای ئیسرائیل بۆ بێدەنگ کردنی ڕاستییەکان ڕۆژنامەنووسان لە غەززە دەکاتە ئامانج"
- لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، لە کەرتی غەززە، ٢٣٨ ڕۆژنامەنووس لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون و ٤٢١ی دیکەش برینداربوون و ٤٩ی دیکەش دەستگیرکراون.

Gazze
غەززە ــ AA
لەو جینۆسایدەی ماوەی ٢٢ مانگە سوپای ئیسرائیل دەرهەق بە فەڵەستین لە کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات، ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی لە کاتی ڕۆماڵکردنی ڕووداوەکان، باجێکی قورسیان داوە، چونکە سوپای ئیسرائیل بە مەبەستی بێدەنگ کردنی ڕاستییەکان، سەرنجی لەسەر بە ئامانج گرتنی ڕۆژنامەنووسان بووە.
ھەڵگرتنی کامێرا، مایکرۆفۆن و کەرەستەی خۆپارێزی بەس نەبوون بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ھێرشە ئاسمانییەکان و بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل، بەڵکو ئەوان بە ئەنقەست لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج. لەکاتێکدا ڕۆژنامەنووسان ھەوڵەکانیان خستووتەگەڕ بۆ ئەوەی ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە بە بەڵگە بکەت و وردەکارییەکانی کارەساتەکە بە جیھان بگەیەنن.
بەپێی داتاکانی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە، لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، لە کەرتی غەززە ٢٣٨ ڕۆژنامەنووس لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون کە لە نێویاندا ٢٦یان ژنن.
لەنێو ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکاندا دوو وێنەگرێکی ئاژانسی ئانادۆڵو بەناوی مونتەسر سەواف و برایەکی ڕۆژنامەنووسی بەناوی مەروان سەواف ھەیە.
ھەروەھا لە میانی شەڕ و پێکدادانەکانی غەززەدا تا ئێستا ٤٨٠ ڕۆژنامەنووس لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بریندارکراون و ٤٩ی دیکەش دەستگیرکراون.
سوپای ئیسرائیل لە هێرش و بۆردومانەکانیدا ١٢ دامەزراوەی چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٣ دامەزراوەی میدیای دیجیتاڵ، ١١ وێستگەی ڕادیۆیی و ١٦ کەناڵی ئاسمانیی، ٢٧ چاپخانەی، پێنج بارەگای سەندیکا، پیشەیی و مافەکانی پەیوەندیدار بە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج.
ھەروەھا ٣٢ خانووی ڕۆژنامەنووسان لە کەرتی غەززە، بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە خاپوورکراون.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە میانی شەڕ و ێدادانەکانی غەززەدا تا ئێستا، زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار زیان بەر کەرتی ڕاگەیاندن لە کەرتی غەززە، کەوتووە.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە، ئیسماعیل سەوابتە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاند بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە کەرتی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، تەوانی جەنگە.
گوتیشی: "سوپای ئیسرائیل بۆ بێدەنگ کردنی ڕاستییەکان، ڕۆژنامەنووسان لە غەززە دەکاتە ئامانج"
ئیسماعیل سەوابتە داواشی لە یەکێتیی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان، یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی و سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەگەری و مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیھان کرد ھەوڵەکانیان بخەنەگەڕ لە پێناو پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستین لە غەززە و لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی ئیسرائیل لە ھەمبەر ئەو تاوانانەی کە دژبە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە غەززە ئەنجامی دەدەن.