جيهان

"لە میانی شەڕی غەززەدا سوپای ئیسرائیل ٢٣٣ بانگخواز و زانای ئایینی ئیسلامی کوشتووە"

- بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە، ئیسماعیل سەوابتە: "زانایانی ئایینی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە غەززە دەکرێنە ئامانج، کۆڵەکەیەکی سەرەکیین بۆ چەسپاندنی بەھا نەتەوەیی و ئایینییەکان و پتەوکردنی ڕۆحی خۆڕاگریی".

Nour Mahd Ali Abuaisha  | 26.08.2025 - نوێکردنەوە : 26.08.2025
"لە میانی شەڕی غەززەدا سوپای ئیسرائیل ٢٣٣ بانگخواز و زانای ئایینی ئیسلامی کوشتووە"

Gazze

غەززە ــ AA

لەو کاتەی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ کۆمەڵکوژیی لە کەرتی غەززە دەستی پێکردووە، سوپای ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر لە گوتاربێژ، ئیمامی مزگەوت، بانگخوازی ئایینی ئیسلام و کەسایەتی مەسیحی و چەندین کڵێسای کردووەتە ئامانج و لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە، ئیسماعیل سەوابتە ڕایگەیاند: "سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی سیستەماتیکی، ژێرخانی ڕۆحی و سەرچاوەی ئەخلاقی کۆمەڵگای فەڵەستینی لە کەرتی غەززە، دەکاتە ئامانج".

سەوابتە گوتیشی: "ئەو زانا ئایینییانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە غەززە دەکرێنە ئامانج، کۆڵەکەیەکی سەرەکیین بۆ چەسپاندنی بەھا نەتەوەیی و ئایینییەکان، ھەروەھا پتەوکردنی ڕۆحی خۆڕاگریییە لە ھەمبەر دەستدرێژیی و جینۆساید و، بەھێزکردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی".

بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە ئاماژەی بەوەشدا: "لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، سوپای ئیسرائیل، ٢٣٣ بانگخواز و زانای ئایینی ئیسلامی کوشتووە".

باسی لەوەشکرد کە سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی سیستەماتیکی، ژێرخانی ڕۆحی و سەرچاوەی ئەخلاقی کۆمەڵگای فەڵەستینی لە کەرتی غەززە، دەکاتە ئامانج".

- بە ئامانجگرتنی مزگەوتەکان لە غەززە

بەپێی دوایین ئامارەکانی نووسیینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، ٨٢٨ مزگەوت لە کەرتی غەززە بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە خاپوورکراون، ھەروەھا زیانیش بەر ١٦٧ مزگەوتی دیکە کەوتووە.

- بە ئامانجگرتنی مەسیحییەکان لە غەززە

سوپای ئیسرائیل لە ئەنجامی شەڕی کۆمەڵکوژیی لە غەززە، تەنھا مزگەوتەکانی نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو کڵێسا و شوێنی پەرستشی مەسیحییەکان و پیاوانی ئایینی و مەسیحییە فەڵەستینییەکانی بێ بەزەیی کردووەتە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل لە میانی ھێرشە ئاسمانییەکاندا ئەو کڵێسایانە لە شاری غەززە کردووەتە ئامانج کە کرابوون بە شوێنی حەوانەوە بۆ ئاوارەکان.

بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە، ئیسماعیل سەوابتە ڕایگەیاند کە لە میانی شەڕی غەززەدا، سێ کڵێسای سەرەکی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەیەک کڵێسا لە کەرتی غەززە ھەن کە بۆ زیاتر لە جارێک، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج کە بەھۆیەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

گوتیشی: "لە ئاکامی ئەو ھێرشە ئاسمانییانەی کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراونەتە سەر کڵێساکان لە غەززە، ٢٠ فەڵەستینی مەسیحی کوژراون".

جەختی لەوەش کردەوە بە ئامانجگرتنی کۆمەڵگای مەسیحی لە کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەشێکە لە سیاسەتێکی سیستەماتیک بە ئامانجی نەھێشتنی جیاوازی ئایینی و بوونی مێژووی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا و گوتی: "ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە تایبەت بە پاراستنی کەسایەتییە ئاینییەکان و شوێنەکانی پەرستن، ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگ و تاوانی چەوساندنەوەی ئایینی وەک ئەوەی لە دەستووری ڕۆما، لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتییدا ھاتووە".

جەختی لەوەش کردەوە کە گەمارۆدانی کەرتی غەززە و پەیڕەوکردنی سیاسەتی سیستەماتیکی برسێتی لە کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، نەھامەتیی مەسیحییەکانی زیاتر کردووە، چونکە لە یارمەتییە مرۆییەکان، بێبەش بوون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın