Muhammed Ali Akman,Furkan Güldemir,Rewa Mahmut Hasan
10 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2017
بەیروت - AA
لە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان هاووڵاتییان بە مەبەستی پرۆتستۆکردنی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی قودسەوە، رژانە سەر شەقامەکان و پێکهەڵپژان لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا، رووی دا.
سەدان هاووڵاتی لوبنانی و فەڵەستینی لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت خۆپیشاندانێکیان رێکخست و گرووپێک گەنج بەنیازبوون ئەو بەربەستانەی کە پۆلیس داینابوون تێپەڕێنن و بچنە ناو تەلاری باڵێوزخانەکە.
پۆلیسی لوبنان ئاوی قەتیسکراو و گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و لە رێگەی تێلاوە هەوڵی دوورخستنەوەی خۆپیشاندەرانی دا.
لە خۆپیشاندانەکەدا، ئاڵای ئیسرائیل و ئەمریکا سووتێنران و دروشمی " قودس هی موسڵمانانە، دووبارە دەگەڕێینەوە فەڵەستین، نەفرەت دەکەین لە ئیسرائیل و ئەمریکا، قبووڵی ناکەین قودس پایتەختی ئیسرائیل بێت"یان دەگووتەوە.
لە لایەکی ترەوە خۆپیشاندەران تایەیان دەسووتاند و هەوڵیان دەدا ئەو بەربەستانەی کە پۆلیس داینابوون، بشکێنن.
- نیو سەدەیە قودس لە ژێر داگیرکارییدایە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ژمارەی ٤٧٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٠ کە دانی بە راگەیاندنی قودسی رۆژهەڵات وەک پایتەختی ئیسرائیل دا نەنا، پێشێل کرد و قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە قودس دابنێین وەک پایتەختی ئیسرائیل".
هەروەها ترەمپ راگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس.
ئیسرائیل لە پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٧ەوە قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکردووە. لە ساڵی ١٩٨٠وە تاکلایەنە بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکەی وەک "پایتەختی یەکگرتوو" راگەیاندبوو.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پەسەندکردنی بڕیاری ژمارە ٤٧٨ لە ساڵی ١٩٨٠ راگەیاندنی قودسی بە پایتەختی ئسرائیل، رەتکردەوە.
بە پێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە دان بەوە دادەنێن کە قودسی رۆژهەڵات لە ژێر داگیرکاریدایە.
سەرجەم ئەو وڵاتانەی دان بە ئیدارەی ئیسرائیل دادەنێن باڵیۆزخانەکانیان لە تەلئەبیبە و، هیچ وڵاتێک دان بەوە دانانێت کە قودس یان بەشی رۆژهەڵات یان رۆژئاوای شارەکە پایتەختی ئیسرائیلە.