بەیروت
بە سەرۆكایەتی مەتڕان میشال قەسارجی لە كلێسای كەلدانی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان رێوەڕەسمی ئاینی تایبەت بە جەژنی قیامەت ساز كرا و لەو رێوەڕەسمەدا مەتڕان میشال قەسارجی گوتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "مەسیحییەكانی عێراق، سووریا و میسر ناچار كراون كۆچ بكەن و جیهانیش لە بەرامبەر ئەم پرسەدا بێ دەنگی نواندووە".
قەسارجی گوتیشی: "كۆچی مەسیحییەكان لە عێراق و سووریا بەردەوامە و ژمارەی ئاوارە مەسیحییەكان لە لوبنان گەیشتووەتە سێ هەزار خانەوادە و ئەم ژمارەیە لە هەر جۆرە خزمەتگوزارییەكی سەرەتایی و تەندروستی بێ بەشن".
ئاوارە عێراقییەكان كە بەشداری ئەو رێوەڕەسمەیان كردبوو ئاواتی ئەوەیان خواست كە بە بۆنەی جەژنی قیامەتەوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە عێراق و سووریا.
لەگەڵ داگیركردنی مووسڵ لە لایەن تیرۆریستانی داعش لە حوزیرانی ساڵی رابردوو، تیرۆریستان بۆ مانەوەی مەسیحییەكان مەرجی موسوڵمان بوون یان سەرانە دانی دانابوو بە پێچەوانەوە دەبێت شارەكە جێبهێڵن و بۆ ئەو مەبەستە تیرۆریستانی داعش 24 سەعاتیان بۆ مەسیحییەكان دانا تا شارەكە چۆڵ بكەن بۆیە زیاتر لە 150 هەزار مەسیحی بە ناچاری زێدی خۆیان بەجێ هێشت.