بەیروت
لە رێوەڕەسمێکدا کە بۆ بەبیرهێنانەوەی كوژراوانی مانگی شوباتی حزبوڵا رێکخرابوو سكرتێری گشتی حزبوڵا حەسەن نەسروڵا بە تەلەكۆنفڕانس بەشداری كرد و وەڵامی سەعد حەریری كوڕی سەرۆكوەزیرانی پێشووی لوبنانی دایەوە كە گوتبووی بەشداریی كردنی حزبوڵا لە شەڕی سووریا شێتایەتییە و تیرۆری هێنایەوە لوبنان، گوتی: "لوبنان بەشێكە لە بیلادی شام و ناتوانین بە چاوێكی جیا سەیری لوبنان بكەین و لە رووی تێوەرییەوە هیچ جۆرە لایەنێكی كرداری نییە. ئێمە لە رووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكەدا سەربەخۆ نین و ئەوانەی دەڵێن با چاوپۆشی لە رووداو و پێشهاتەكانی دەورووبەرمان بكەین قسەكانیان هیچ بنەما و لۆژیکێكیان نییە".
نەسروڵا ئیدانەی كوشتنی 21 هاووڵاتی مەسیحی میسری لە لیبیا لە لایەن داعشەوە كرد و بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: "هیچ عەقڵ، دڵ و ئاینێك كردارێكی وەحشییانەی بەو جۆرە قەبووڵ ناكات و بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی میسر و كلیسای ئۆرتۆدۆكس دەكەم و ئەو كۆمەڵكوژییە هەر خاوەن ویژدانێكی نیگەران كردووە. تیرۆریستانی داعش بێجگە لە ئیسرائیل بۆ هەموو جیهان مەترسین و ئامانجی سەرەكی ئەوان قودس نییە بەڵكو مەكەیە بۆیە داوا لە براكانمان لە سعوودیە دەكەم كە لەو بارەیەوە زۆر بە باشی بیر بكەنەوە چونكە ئامانجی تیرۆریستانی داعش هەر دوو شوێنی پیرۆزی موسڵمانان مەكە و مەدینەیە، رەنگە وەحشەتی داعش وەكو فیلمێكی هۆلیوود بێت بەڵام كردارەكانیان بە راستی فیلم نین، ناتوانین وا بیر بكەینەوە كە كردارەكانی داعش پەیوەندییان لەگەڵ ئیسلامدا هەیە، ئەوەی ببێتە مایەی ترس و رەق و كین لە لای مرۆڤ و ئەو شتانەی لە گەڵ دڵ و عەقڵی مرۆڤدا سازگار نین هیچ جۆرە پەیوەندییەكیان لەگەڵ ئیسلامدا نییە".
نەسروڵا لە بەردەوامی قسەكانیشدا پرسە و سەرخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەرۆكوەزیرانی پێشووی لوبنان رەفێق حەریری و ئەو 22 هاوڕێیەی كرد كە بە هۆی هێرشەكەی 14ی شوباتی ساڵی 2005 کوژران.
نەسروڵا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی شەڕ و ئاژاوەكانی سەر سنووری نێوان لوبنان و سووریا كرد و گوتی: "بەرەی نوسرا دوای تێپەڕبوونی زستان دووبارە دەست بە هێرش دەكاتەوە بۆیە پاراستنی ئەمن و ئاسایش لە دۆڵی بەقا زۆر گرنگە. كەس ناتوانێت حزبوڵا بە بەرپرسیاری كێشەكانی سەر سنووری نێوان سووریا و لوبنان لە قەڵەم بدات چونكە بەرپرسیاری یەكەم حكوومەت و دەوڵەتی لوبنانە و دەوڵەت بۆ پاراستنی ئەمن و ئارامی لەو ناوچانەدا ئەوەی لە دەستی دێت پێویستە درێغی لێ نەكات و بۆ ئەوەی خەڵك بە شێوەیەكی شەرەفمەندانە ژیان بكات".
نەسروڵا گوتی: "پێویستە گوشاری زیاتر بخرێتە سەر ئەو وڵاتانەی پشتگیری لە داعش دەكەن و هەر چەند ئەو وڵاتانە باسی ئەوە دەكەن كە پشتگیری لە داعش ناكەن بەڵام پێویستە هەموو جیهان گوشاریان بخاتە سەر. جیاوازی لە نێوان نوسرە و داعش نییە و خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین، چون دەكرێت بە یەكیان تیرۆریست و بە ئەوی دیكەیان شۆڕشگێر بگوترێت، تاقە جیاوازی داعش و نوسرە لەسەر سەرۆكایەتییە و هیچ فەرقێكی دیكەیان نییە".