Zana Natık Kerem
11 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2016
نەینەوا ــ AA
فەرماندەیەك لە فیرقەی 16ی سوپای عێراق رایگەیاند کە لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكرنەوەی شاری مووسڵ، سێیەمین پردی سەراوكەوتوو لە میحوەری خازر رۆژهەڵاتی شارەكە دانرا.
ئەمە سێیەمین پردی لەو شێوەیە كە لە نزیك شاری مووسڵ دادەنرێت، پێشتریش هێزەكانی عێراق پردێکی سەراوكەوتوویان لەسەر رووباری دیجلە دانابوو كە قەزای مەخموور بە ناحیەی گەیارە دەبەستەوە و هەروەها دووەمین پردی سەراوكەوتوویان لەسەر رووباری زێی گەورە دانا كە ناحیەی گوێر سەربە قەزای مەخموور بە قەزای حەمدانییە دەبەستێتەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەرپرسی بەشی ئەندازیاری فیرقەی 16ی سوپای عێراق، موقەدەم نەجم حەمادی ئەلمەكسووسی گوتی: "ئەمڕۆ سێشەممە بەشی ئەندازیاری، توانی پردی سەراوكەوتوو لە میحوەری خازر دابنێت".
ئەلمەكسووسی ئاماژەی بەوەكرد، پردەكە توانا و هێزێكی زۆری هەیە بەو پێیەی ئۆتۆمبێلی چەك هەڵگری قورس و تانك و زرێپۆش دەتوانن بەسەریدا بپەڕننەوە.
ناوبراو دەشڵێت، گرنگی دانانی ئەو پردە لەوەدایە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵدا، ئۆتۆمبێلەکانی چەكی قورس و كەرەستە سەربازییەكان بۆ هێزەكانی عێراق بە خێرایی لەم دیوی رووبار دەگوزارێنەوە ئەو دیوی رووبار.