Zana Natık Kerem
07 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2018
قودس ــ AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند كە هێزەكانیان لە میانی ساڵی رابردوودا، سێ هەزار و ٦١٧ هاووڵاتی فەڵەستینییان لە كەناری رۆژئاوا و كەرتی غەززە دەستگیركردووە، لە كاتێكدا لە ساڵی ٢٠١٦دا، سێ هەزار و ٣١٣ هاووڵاتی فەڵەستینییان دەستگیر كردبوو.
لە بەیاننامەیەكدا كە ماڵپەڕی رۆژنامەی یەدیعووت ئەحرەنووت بڵاوی كردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە كە هەر لە میانی ساڵی رابردوودا، ٩٩ هێرش لە ناوچەكانی كەناری رۆژئاوا و قودس ئەنجامدراون كە بە هۆیانەوە، ٢٠ هاووڵاتی ئیسرائیلی كوژران.
بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ كە ٢٢٦ هێرش ئەنجامدرابون و بە هۆیانەوە ١٧ هاووڵاتی ئیسرائیلی كوژرابوون، ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلی زیادی کردووە.
بە پێی بەیاننامەكە كە هەر لە میانی ساڵی رابردوودا، ٣٥ مووشەك لە كەرتی غەززەوە ئاراستەی خاكی ئیسرائیل كراون كە ٣٠یان دوای بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بۆ ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل، ئاراستەكراون كە ١٠یان بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبووەكان بووە.
مانگی رابردوو، سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ژمارەی ٤٧٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٠ كە دانی بە راگەیاندنی قودسی رۆژهەڵات وەك پایتەختی ئیسرائیل دا نەنا، پێشێل كرد و قودسی وەك پایتەختی ئیسرائیل ناساند و گوتی: "كاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە قودس دابنێین وەك پایتەختی ئیسرائیل".
لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە هەر لە میانی ساڵی رابردوودا وەك وەڵامدانەوە لە بەرامبەر ئاراستەكردنی ئەو مووشەكانە، هێزەكانی سوپای ئیسرائیل ٥٩ هێرشیان بۆ سەر غەززە ئەنجامداوە كە لە میاندا، ژمارەیەك ئامانجی گرنگ خاپوور كراون لەوانە تونێل و ژێرخانی دروستكردنی چەك و مووشەك.