Fuat Kabakcı
17 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2020
په‌كین - AA
ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له چین به‌هۆی په‌تای جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (Kovid-19)وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ هه‌زار و ٧٧١ كه‌س.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆمیسیۆنی ته‌ندروستی چین، ژماره‌ی تووشبووان به ڤایرۆسی Kovid-19 له‌و وڵاته گه‌یشتووه‌ته ٧٠ هه‌زار و ٥٤٨ كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ش باری ته‌ندروستی نزیكه‌ی ١٠ هه‌زار و ٦٤٤ كه‌سیان ناجێگیره. هه‌روه‌ها ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی په‌تاكه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه گه‌یشتووه‌ته هه‌زار و ٧٧١ كه‌س كه یه‌كێكیان له هۆنگ كۆنگ-ه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه كراوه له كاتێكدا ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی گومانی توشبوونیان به ڤایرۆسه‌كه لێده‌كرێت دابه‌زیوه بۆ حه‌وت هه‌زار و ٢٦٤ كه‌س، ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی خراونه‌ته ژێر چاودێریه‌وه ١٥٠ هه‌زار و ٥٣٩ كه‌سن. ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتووه گه‌یشتووه‌ته ١٠ هه‌زار و ٨٤٤ كه‌س.
جگه له چین ژماره‌ی حاڵه‌تی توشبوون به ڤایرۆسه‌كه له هۆنگ كۆنگ به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ ٥٧ و له هه‌رێمی ئیداره‌ی تایبه‌تی ماكاو ١٠ كه‌س تووشی په‌تاكه بوون.
له ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، به‌هۆی په‌تاكه‌وه له چین ١٠٥ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و دوو هه‌زار و ٤٨ حاڵه‌تی نوێی توشبوون به ڤایرۆسه‌كه ده‌ستنیشانكراوه.
له‌و كه‌سانه‌ی له‌میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا له چین گیانیان له‌ده‌ستداوه ١٠٠یان له شاری هوبێی ناوه‌ندی سه‌رهه‌ڵدان په‌تاكه بوون، سیانیان له هونان و دووانیان له گوانگدۆنگ بوون.