ئەنقەرە
سەردەمێکی چارەنووسساز بۆ بە یاساییکردنی چارەسەری کیشەی دەیان ساڵەی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە.
ئێستا پرۆژە یاسای قۆناغی چارەسەریی کە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە- بێجگە لە هەدەپە- رەتی دەکاتەوە، لە پەرلەمانی تورکیایە و وا بڕیارە ئەم حەفتەیە بخرێتە کارنامەی پەرلەمان تا گفتوگۆی لەسەر بکرێ.
بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە، پەرلەمانی توركیا كە ئەمساڵ پێشووی ھاوینەی دواخست و تا 25ی تەمموز بەردەوام دەبێ لە بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی.
پرۆژە یاساکە کە لە لایەن كۆمیسیۆنی كاروباری ناوخۆی پەرلەمانەوە پەسەند كراوە کە بریتییە لە شەش خاڵ.
بەپێی خاڵەکانی ناو پڕۆژە یاساكە، دەسەڵات بە ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا دەدرێ بۆ دەرکردنی بڕیاری پێویست لەمەڕ پرۆسەی چارەسەری کێشەی کورد. حكومەت رێوشوێنی گونجاو و پێویست دادەنێ بۆ ئەندامانی چەكداری پەکەک تا چەك دابنێن و ئاسانكارییان بۆ بکرێ تا لە چیا بێنە خوارەوە. هەروەها کار دەکا بۆ تێکەڵکردنەوەی ئەو کەسانە بە ژیانی کۆمەڵایەتی و خۆ گونجاندن لەگەڵ سەردەمدا.
پەرلەمانی توركیا دوای بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە، پشووی هاوینە وەردەگرێ.