ھەولێر
د. خەلیل ئیسماعیل پسپۆڕی جوگرافیا و سەرژمێری دانیشتووان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دەڤەرەکانی نەینەوا قەزای تەلەعفەر، لە کەرکوک ناحیەی حەویجە، لە دیالە سەعدیە و گەڕەکێکی جەلەولا، لە سەڵاحەدینیش چەند گوندێک ماون کە هی کوردستانن و ئێستا لەژێر دەستی حکومەتی هەرێمدا نین."
کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە لە ساڵی ١٩٢٤ دەست پێدەکا و لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێن گەیشتە لوتكه كاتێك بەشی زۆری کوردەکانی ئەو ناوچانە دهركران و چەند شار و شارۆچکەیەکیان بە پارێزگا عەرەبییەکانەوە لكێنران.
ساڵی ١٩٧٠ لە رێککەوتنی نێوان سەدام حوسێن و مەلا مستەفا بارزانی (رێککەوتننامەی ١١ی ئازار) حکومەتی عێراق رازی بوو بە سەرژمێری تا چارەنووسی ئەو ناوچانە یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام حكومهتی عێراق ئەو سەرژمێرییەی ئهنجام نهدا و له رێككهوتننامهكه پهشیمان بووهوه.
دیسان لە دەستووری عێراقی دوای دەسەڵاتی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٥ ئهو ناوچانە بە (ناوچەی کێشە لەسەر) ناونران و مادهیهكی دهستووری بۆ تهرخانكرا كه به مادهی 140 ناسراوه، بهپێی ئهو مادهیه دەبووایه تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ سەرژمێری و راپرسی بکرایە بۆ یەکلاییکردنەوی چارهنووسی ئهو دهڤهرانه، بهڵام ههم دیسان حكومهتی بهغدا له جێبهجێكردنی ئهو مادهیه سستی نواند و جێبهجێی نهكرد.
خەلیل ئیسماعیل لە هەڤپەیڤینەکەی ئانادۆڵو روونیکردەوە كه ساڵی ١٩٩٦ ھەردوو سەرۆک مام جەلال و مەسعود بارزانی و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، داوایان لێکردووە نەخشەیەک بۆ کوردستانی عێراق بە پشت بەستن بە بنەما مێژوویی و جوگرافییەکان بكێشێ، ئەویش ئەو کارەی کرد و ئێستا نەخشەکەی یەکێکە لە نەخشە رەسمییە پشت پێبەستراوەکان لە دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە سنووری کوردستانی عێراق و ژمارەی دانیشتوانەکەی، د. خەلیل گوتی: "بەپێی ئەو نەخشەی دروستمکردووە کە پشت بە بنەما مێژوویی و جوگرافییەکان دەبەستێ، رووبەری کوردستانی عێراق ٨٠ ھەزار کیلۆمەتر دووجایە، تا پێش رووداوەکانی١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ و کۆنترۆڵکردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە، رێژەی سهدا ٥١ی ئەو رووبەرە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان (سێ پارێزگاکەی ھەرێم) بوو و ناوچەی دابڕاوبوون کە نزیکەی ٤٠ ھەزار کیلۆمەتری دەکرد، تا پێش رووداوەکانی موسڵ سهدا ٤٨ی دانیشتوانی کوردستانی عێراق لە دەرەوەی سێ پارێزگاکەی ههرێمی كوردستان دهۆک-هەولێر- سلێمانی بوون. لە سنووری پارێزگای موسڵ قەزای تەلەعفەر ماوە، لە پارێزگای کەرکوک تەنیا حەویجە ماوە، لە پارێزگای سەڵاحەدینیش ھەندێک گوند لە ناوچەی بەشیر و ئەو شوێنانە ماون، لە دیالە سەعدیە ماوە لەگەڵ گەڕەکێکی جەلەولا، ئومێد دەکەین ئەوانەش لە رۆژانی داھاتوو یەکلایی بێتەوە".
بەگوێرەی نەخشەکەی خەلیل، ئێستا کێشەکە بە تەواوی چارەسەر نەبووە و نزیکەی سهدا ١٠ تا ١٥ی رووبەری خاكی کوردستانی عێراق ماوە و لە دەستی حکومەتی هەرێمدا نییە.
د. خەلیل ئیسماعیل لە درێژەی قسەکانیدا، باسی ژمارەی دانیشتوانی کوردستانی عێراقی کرد و گوتی: "تا ساڵی ١٩٨٧ کورد لە عێراق وەکو پێویست و بە راستی سەرژمێری بۆ نەکراوە، بەپێی زانیارییەکان کوردستان لە رووی دانیشتوانەوە رێژەی سهدا ٢٠ تا ٢٥ی دانیشتوانی عێراق و لە رووبەرەکەشیدا سهدا ١١ی کۆی رووبەری خاكی عێراق پێکدەھێنێ."
ئەو ئاماژە بە گرنگی ئەو ناوچانە دەکا و دەڵێ: "ئەو ناوچەیە شوێنێکی ستراتیژییە چونکە سنووری عێراق لەگەڵ سوریا و ئێران و تورکیا پێکەوە دەبەستێتەوە، لەرووی ئابوورییشەوە ئەو ناوچەیە لە عێن زالەوە تا دەگاتە کەرکوک و مەخموور و مەندەلی و خانەقین و کەرکوک، یەدەگێکی زۆر گەورەی نەوتییان ھەیە، ئەمەش وایکردووە ببێتە جێی تەماعی حکومەتی عێراق. بایەخێکی تری ئەو ناوچەیە ئەوەیە دانیشتوانێکی زۆری ھەیە و قورساییەکی گەورەی ھەیە، بە گەڕانەوەیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان سەنگی ھەرێم گرنگتر دەکا، ئەگەر ئەو ناوچانە بێنەوە سەر ھەرێم، رێژەی دانیشتوانەکەی بۆ نزیکەی سهدا ٢٥ زیاد دەکا، ئەوەش کاریگەریی لەسەر لایەنە ئابووریی و سیاسی و دیپلۆماسییەکان دەبێ."
لەمەڕ بەڵگەکانی کوردستانی بوونی ئەو ناوچانە، د.خەلیل ئیسماعیل دەڵێ: "بەڵگە زۆرن، لەرووی مێژووییەوە پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق ئەو ناوچانە ناوچەی کوردستانیی بوون، کوردبوونی ئەو ناوچانە وایکردووە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان ھەوڵی تەعریبکردنی بدەن، بۆیە ھەر ناوچەیەک تەعریب کرابێ کوردستانییە، ئەگەر نا بۆچی کورد ناڵێ بەعقوبە یان سامەڕا کوردستانییە؟. نەخشەیەک ھەیە هی ساڵی ١٧٩٣ یە و لەسەری نووسراوە کوردستان و ئەو ناوچانەی لە ھەرێم دابڕاون بە ناوچەی کوردستانیی دانراون، ھەروەھا نەخشەیەکی دیكهش ھەیە ھی سەردەمی ئیسلامە و لەسەری نووسراوە (بلاد الکرد) و ئەو ناوچانەی تێدایە."
د.خەلیل هانی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان دەدا هەرچی زووە دەستبەجێ ریفراندۆم لەو ناوچانە بکرێ و لایەنی نێودەوڵەتیش بهشداری تێدا بكات تا ئامادەبن و شەرعیەتی نێودەوڵەتی وهرگرن.