ئەنقەرە
دادگای دەستووری تورکیا لە بارەی ئاستەنگ کردن، کۆ کردنەوە و رێگریکردن لە چاپ کردنی کتێبی عەبدوڵلا ئۆجالان کە سزای زیندانی ھەتاھەتایی بەسەردا سەپێنراوە، بڕیاری دابوو کە مافی ئۆجالان پێشێل کراوە و ئەو بڕیارە لە لایەن رۆژنامەی رەسمی تورکیاوە بڵاو کرایەوە.
پارێزەرانی ئۆجالان بە ھۆی ئەوەیەوە کە ھێزەکانی ناوەندی دژە تیرۆر ٢١ی مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٢ کتێبێکی ئۆجالان بە ناوی " مانیفەستۆی شۆڕشی کوردستان، پرسی کورد و رێگاچارەی نەتەوەی دیموکراتیک" یان کە لە قۆناغی چاپکردندا بووە بە بڕیاری دادوەری دژە تیرۆر، دەستیان بەسەردا گرتبوو و دواتر کۆیان کردبوویەوە و سووتاندبوویان، لە دادگای دەستووری تورکیا سکاڵایەکیان تۆمار کرد.
دواتر دادگای دەستووری تورکیا بە زۆرینەی رەھا لە کۆی ١٧ دەنگدا بە ١٤ دەنگی ئەرێنی لە بەرامبەر سێ دەنگی دژ بڕیاری لەسەر ئەوە دا کە مافی ئۆجالان پێشێل کراوە و ئەمڕۆ ئەو بڕیارەی دادگاو دیباچەی ئەو بڕیارە لە رۆژنامەی رەسمی تورکیادا بڵاو کرانەوە.
دادگای دەستووری تورکیا لە دیباچەی بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مەبەست لەو دەرکردنی ئەو بڕیارە پشتگیری کردن لە دەربڕینی بیروڕا، پاراستن و بڵاو کردنەوەی بیروڕایە چونکە ئازادی رادەربڕین و ئازادی بیروڕا و بڵاوکردنەوەی بیروڕا لە نێو دەستووردا وەکو ماف و ئازادی بنەڕەتی دانیان پێدا نراوە.