Günay Nuh,Abdullah Söylemez,Hüseyin Yıldız,Cüneyt Çelik
27 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2021
ئەردەخان – AA
ئەو شەپۆلی سەرماوسۆڵە و تەمومژەی قەرس، ئاگری، ئیدر و ئەردەخانی گرتووەتەوە، کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی ھاووڵاتییان.
ئەم تەمومژەی لە شەوەوە ئەردەخانی گرتەوە تاکوو بەیانیی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
بەھۆی ئەو سەرماوسۆڵەی رووی لە شارەکە کردووە زوقم لە سەر شەقام و رێگاکان دروست بوو و شووشەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیش بەستی کە راگیرابوون.
ئەو تەمومژەی ئاگری گرتەوە بووە ھۆی دروستبوونی کێشە لە کاتی ھاتوچۆدا. بەھۆی تەمومژەکەوە مەودای بینین کەم بووەوە. شۆفێران بە ھەڵکردنی گڵۆپی ئۆتۆمبێلەکانیان بە خێرایییەکی کەم پێشڕەوییان دەکرد.
تەمومژەکە مەودای بینینی لە ئیدر بۆ ٥٠ مەتر کەم کردەوە. شۆفێران بە زەحمەت دەیانتوانی ھاتوچۆ بکەن.
ئەو شەپۆلی سەرماوسۆڵەی دوای بارینی بەفر قەرسی گرتەوە کاریگەریی نەرێنی کردە سەر ژیانی ھاووڵاتییان. تیمەکان بەردەوامن لە تواندنەوەی ئەو زوقمەی لەسەر رێگاکان دروست بووە.
لە شارۆچکەی ساریقامیش بەھۆی ئەم سەرماوسۆڵەوە چلوورە لە گوێسوانەکان دروست بووە و ئاژەڵە کێوییەکان بەدوای خۆراکدا دەگەڕێن.