Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
02 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2021
هەولێر - AA
دوای زیاتر لە چوار مانگ گفتوگۆ و دانوستان و مشتومڕی چڕ، دواجار پرۆژەیاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ دەنگی لەسەر درا و بوو بە یاسا.
یاسای بوودجەی عێراق لە ٥٨ ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بوودجەش بە ١٢٩،٩ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەدا لە ماددەکانی ١٠ و ١١ی یاساکەدا جێگیرکراوە و ئەو رێککەوتنەی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوو هەوڵیان بۆدا، کرا بەفەرمی و لە خاڵی ١١ی یاساکە جێگیرکرا و پشکی هەرێمی کوردستانیش لە بوودجەی گشتیی عێراق بە لەسەدا ١٣،٩ی کۆی بوودجەکە دیاریکرا.
پێشتر بەپێی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، پشکی هەرێمی کوردستان بە لەسەدا ١٢،٦٧ دانرابوو، بەڵام دواتر بەپێی پێشنیازێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دەنگی پێدراو پەسەند کرا، دابەشکردنی بوودجە بۆ پارێزگا و هەرێمەکان لەسەر بنەمای داتای وەزارەتی پلاندانان دەبێت بە رەزامەندی وەزارەتی دارایی، بەپێی ئەو داتایەش پشکی هەرێمی کوردستان بەرزبوویەوە بۆ لەسەدا ١٣،٩ی کۆی گشتی بوودجە کە دەکاتە نزیکەی ١١ ترلیۆن دینار.
شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە ١٠ جار سەردانی بەغدایان کرد و ٢٠٦ کاتژمێر کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکوومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان ئەنجامدا.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە کراوە، هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر ئەو داهاتەی دەینێرێتە بەغدا و ئەوەی بۆی دەگێڕدرێتەوە، لەڕووی داراییەوە پارەیەکی ئەوتۆی دەستناکەوێت، بەڵام لەوەدا براوەیە کە سەروەری لە مامەڵەکردن و فرۆشتنی نەوتدا بەدەستهێناوە و بۆ لەمەودوا نەوتەکەی بە نرخێکی باشتر و بە یاسایی دەفرۆشێت، جگە لەوەی کاریگەریی لەسەر هەموو ئەو دۆسیە یاساییانە دەبێت کە لە داگاکانی دەرەوە لەبارەی نەوتەوە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
لەدوای پەسەندکردنی بوودجەوە، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم لە بەغدا، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئەم پرۆژەیاسایەی کە پەسندکرا دەرەنجامی گفتوگۆیەکی دوور و درێژ بوو. دەرەنجامی کۆبوونەوەی یەکجار زۆر بوو. بۆیە کە ئەمڕۆ گەیشتووینەتە ئەنجام، ئەم دەستکەوتە دەستکەوتی تەنیا قوباد نییە، دەستکەوتی تاکەکەس و تاکە لایەنێک نییە. بەڵکو دەستکەوتێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی زۆر یان کەم بەشداربوونە لەم پرۆسەیەدا. لە بەڕێز سەرۆککۆمارەوە، تاوەکو ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران، کوتلە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، بە هاوپەیمانیی هیوا و فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و بەتایبەت ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە زۆر ماندووبوون بەم پرۆسەیەوە".
لەبارەی ئامادەیی جێبەجێکردنی یاساکە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند "ئێمە لێرەشەوە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە دەستبەجێ پابەند دەبین بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە و داوا لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین پەیوەندیی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی فیدراڵییەوە بکەن تاوەکو ئامادەبوونی خۆمان دەربڕین بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە".
بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە ئێستا بووەتە یاسا، حکوومەتی عێراق مانگانە بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا رەوانەی هەولێر دەکات لەبەرامبەردا، هەرێمی کوردستان دەبێت داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخی سۆمۆ و نیوەی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان مانگانە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی عێراق بگەڕێنێتەوە، جگە لەوە مانگانە قەرزی بانكی بازرگانی عێراقیش بداتەوە، کە بۆ هەر مانگێک ١٤ ملیارو ٤٥ ملیۆن دینارە.
ماددەی ١١ کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان و رێککەوتنی هەولێر و بەغداش هەر لەو ماددەیەدا جێکراوەتەوە ناوەڕۆکەکەی بەم جۆرەیە.
یەکەم: شایستەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٤ تاوەکو ٢٠٢٠ یەکلایی دەکرێنەوە، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم وردبینی تێدا دەکات بۆ دەرخستنی ھەژمارەکانی کۆتایی داھاتە داراییە بەدەستھاتووەکان و خەرجییەکانی ھەرێم کە لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی پەسند دەکرێت، دوای جیاکردنەوەی خەرجییە سیادییەکان، ئەوەی لە چوارچێوەی خەرجییەکانی حاکیمە بۆ ھەرێم خەرجکراوە.
دووەم:
آ: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە بەرھەمھێنانی نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکان بە بڕی ٤٦٠ ھەزار بەرمیل رۆژانە، لەو بڕەش بڕی پێویست بۆ خەرجییەکانی بەرھەمھێنان و گواستنەوە و بڕی بەکاربردنی ناوخۆ لە ھەرێم و پترۆدۆلار جیادەکرێنەوە، بە جۆرێک کە داھاتی ئەو بڕەی رادەستی حکوومەتی فیدراڵی دەکات لە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت کەمتر نەبێت بە نرخی سۆمۆ.
ب: بڕگەی ئەلیف بە ھاوئاھەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
ج: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە گەنجینەی دەوڵەت، بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی فیدراڵی، کە دیوانی چاودیریی درایی فیدراڵی بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی ھەرێم وردبینی لە داتاکانی ئەو داھاتانە دەکرێت.
د: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند کراوە بە دانەوەی قەرزەکانی بانکی بازرگانیی عێراق، کە لەلای بانکە حکوومی و تایبەتەکانی ھەرێمە، وەزارەتی دارایی بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو مانگانە بڕێک لە پشکی ھەرێم دەبڕێت، ئەوەش لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەردەوام دەبێت.
هـ : حکوومەتی فیدراڵ پابەند دەبێت بە دانەوەی شایستەکانی ھەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی ھەرێم بڕگەکانی (ڕ ، ب ، ج ، د) لە ماددەی ١١ جێبەجێ دەکات.
سێیەم: دوای وردبینیکردن لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە پێدانی ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی تاوەکو ٣٠/٦/٢٠٢١.
چوارەم: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و قەرەبووکردنەوەیان لەو پشکەی لە چوارچێوەی بوودجەی گشتیی بۆی دیاریکراوە، پێش خەرجکردنی ھەر خەرجییەکی دیکە.
بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ راستەوخۆ دوای پەسەندکردن و دەنگپێدانی لە پەرلەمانی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە بەپێی یەکێک لە ماددەکانی کە لە لیژنەی دارایی پەرلەمان پێشنیازکراو لە پرۆژە یاسای بوودجەدا جێکرایەوە و دواتر لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، راستەوخۆ لەدوای پەسەندکردنی لە پەرلەمان یاسای بوودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە پێویست ناکات چاوەڕێی بڵاوکردنەوە بکرێت لە رۆژنامەی رەسمیدا.