Hamit Hüseyin
06 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2019
ھەولێر - AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی، پێشوازیکرد لە شاندێکی ژوورە بازرگانییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا کە لە بوارەکانی وزە و تەکنەلۆژیای زانیاری و کەرتەکانی تر کاردەکەن.
تاڵەبانی بە شاندی میوانی راگەیاندووە کە "حکوومەتی ھەرێم ھەوڵی تەواو دەدات بۆ باشترکردنی ژینگەی کار بۆ کۆمپانیا بیانییەکان لەپێناو ئاسانکاریکردنی زیاتر بۆ وەبەرھێنانی بیانی لەھەرێم".
بە پێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا، قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە، "پڕۆسەی چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و لەئێستاشدا لەچەند سێکتەرێکدا بەرەوپێشچوونی باش ھەیە".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی ڕەوشی سیاسی عێراقیشەوە، بە شاندە ئەڵمانییەکەی راگەیاند: "حکوومەتی ھەرێم دەخوازێت سەقامگیری باڵ بەسەر عێراقدا بکێشێت لەپێناو زەمینە خۆشکردن بۆ ئاڵوگۆڕی زیاتری بازرگانی و ئابووری لەنێوان ناوچە جیاجیاکانی وڵات و باسی لەوەکرد خەڵکی عێراق خوازیاری ژیانێکی باشتر و حوکمڕانییەکی باشترن و ئەمەش مافی خۆیانە".
لەلای خۆشیانەوە شاندی ژوورە بازرگانییەکانی ئەڵمانیا رایانگەیاندووە کە ئەوان بە گەشبینییەوە دەڕواننە ڕەوشی کوردستان بۆ کارکردن و لەم سەردانەیاندا لەسەر ئەو دەرفەت و بوارانە ھەڵوەستە دەکەن کە بۆ وەبەرھێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی شیاون.