hemn husein
09 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2015
بەپێی بەرنامەیەکی دیاریکراو لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ١٢٧ خوێندکار لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی تایبەتەوە پەروەردە دەکرێن بەمەبەستی کارابوونیان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.
دوای کۆتاییهاتنی خولی دووەمی پرۆگرامی راهێنان و تواناکان جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، پیرۆزبایی لە دەرچووانی ئەم پرۆگرامە کرد.
تاڵەبانی سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و هەموو کۆمپانیاکان و هەموو ئەوانە کرد لە رۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لە بەرنامەیەکی تیۆری بۆ بەرنامەیەکی پڕاکتیکی.
لەم بەرنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا 127 خوێندکار لە کۆی هەشت زانکۆ و لەلایەن 16 کۆمپانیاوە وەرگیراون و بەپێی قسەکانی قوباد تاڵەبانی، ئامانجی ئەم پرۆگرامە بریتییە لەوەی دەرفەتێک بدەن بەم خوێندکارانە بۆ ئەوەی ئەزموونێکی پراکتیکی وەرگرن و بەباشی ئامادەیی بۆ قوناغی دووەمی ژیانیان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە بازاڕی کار سوود لە بەرهەمی بازاڕی ئازاد وەرگرن کە لە ئێستادا هێزی ئابووری کوردستانیش راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە کەرتی تایبەت.
قوباد تاڵەبانی هەروەها لە درێژەدا گوتی: "ئەرکی حکوومەت ئەوەیە دەرفەتێک بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بتوانین ئەم دەرچووانە جێگەیان بکرێتەوە و بتوانن کار بکەن بۆ گەشەپێدانی وڵات و تەنیا بە بەستنەوەی بازاڕی کار دەتوانین نەوەیەکی نوێ درووست بکەین. ئەمەش پێویستی بە بەردەوامی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا هەیە. گەشبینم کە لەساڵی داهاتوودا ئەم رێژەی بەشداربووان زۆر بەرز بێتەوە چونکە لە خولی یەکەم کە ساڵی پار ئەنجام درا، ژمارەی بەشداربووان بریتی بوو لە 28 قوتابی لە کۆی سێ زانکۆ بەڵام بەخۆشحاڵییەوە ئەمساڵ 2000 قوتابی ناوی خۆیان تۆمار کردبوو کە 127 قوتابیان لەلایەن 16 کۆمپانیاوە وەرگیران".