Dlshad Saifaalddin Ahmed
30 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2018
سلێمانی ـ AA
بەرلە کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان و لە بەردەم بنکەی رەوشەن بەدرخان لە شاری سلێمانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی نۆرەی گرتبوو بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان.
قوباد تاڵەبانی دوای ئەوەی چووە وێستگەی دەنگدان و دەنگی دا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دوا و گوتی: "بۆ خۆم کاندیدم و بەشێکم لەو پڕۆسەیەی کە کوردستان بەرەو دیموکراسی دەبات، ئەگەر کاندیدیش نەبام ھەر بەشداری دەنگدانم دەکرد و ھەستم دەکرد لە پڕۆسەکە و دەستنیشانکردنی نوێنەری خەڵک".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتیشی: "پێم وایە لەم ھەڵبژاردنە یان ھەڵبژاردنێکی تر ھاوکێشەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێت، ئەو ئەزموونەی ١٠ ساڵی رابردوو ئەزموونێک بووە زۆر خەڵکی ھۆشیار کردووەتەوە، ئەمڕۆ لە ھەموو رۆژ زیاتر میلـلەتەکەی ئێمە پێویستی بە یەکڕیزی و ئارامییە، ھیوادارین بتوانین بە ھەموو لایەنەکانمانەوە و بە جیاوازییەکانمانەوە لە جەوێکی ئارامدا بژین و سیاسەت بکەین و خزمەت بکەین".
قوباد تاڵەبانی ھەروەھا گوتی: "دەبێت فێر بین لەگەڵ جیاوازییەکاندا بژین، ئەگەر ناکۆکییەک ھەبێت لەسەر بابەتێک یەکسەر نەتەقێتەوە، ھیوادارم ھەموو حزبەکان سیاسەتیان ھەبێت و کێ پەیامێکی روونی ھەیە خەڵک لە چوارچێوەی ئەو پەیامەدا کۆببێتەوە".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان داوای لە ھەموو دەنگدەران کرد بەشداریی دەنگدان بکەن و رەچاوی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان بکەن.
قوباد تاڵەبانی لە بارەی بڕیارە نوێیەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە کە حزبەکەی نیگەرانە لەو بڕیارانە دوا و گوتی: "ھیوادارم ھەموو دەنگدەران رەچاوی ئەو رێنماییانە بکەن، شتێکیان کردووە بەخوا کەس سەری لێدەرناکات کە رەگەزنامە و پێناست پێکەوە ھەبێت".
کاتژمێر ھەشتی بەیانی ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەی هەرێم دەستیپێکرد و دەرگای بنکەکان بە رووی دەنگدەراندا کرانەوە، پڕۆسەکە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە دەخایەنێت.